تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە توندی سەرکۆنەی گوتەکانی سەرمایەداری ناسراوی تورکیا، ڕەحمی کۆچی کرد و ڕایگەیاند، ئەو زمانە سووکایەتیکەر و ڕەگەزپەرستانەیەی ناوبراو بەرامبەر بە ژنانی کورد بەکاریهێناوە، بە هیچ شێوەیەک قبوڵکراو نییە.
باکرهان لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی ڕەخنەی توندی لەو نوکتەیە گرت کە ڕەحمی کۆچ لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەیەکدا لە ئیزمیر گێڕابوویەوە و جەختی کردەوە: "جەستە، ناسنامە و کەرامەتی ژنان نابێتە بابەتی نوکتە. هیچ پێگە، دەسەڵات و ئیمتیازێکی دارایی و کۆمەڵایەتی، ڕێگە بە کەس نادات سووکایەتی بە ژنانی کورد بکات."
هاوسەرۆکی دەم پارتی ڕایگەیاند کە ئەوان ئەم جۆرە تێڕوانینە جیاکاریی و ڕەگەزپەرستانەیە بە تەواوی ڕەتدەکەنەوە و داوای کرد ک هەرچی زووە ئەو سەرمایەدارە بە شێوەیەکی فەرمی و ئاشکرا داوای لێبوردن لە ژنانی کورد و ڕای گشتی بکات.