ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری پاوەی سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هاوسەرێکی هونەرمەندی کوردیان دەستگیرکردووە و تاوەکو ئێستاش چارەنووسیان نادیارە.
بەپێی زانیارییەکانی ئەو ڕێکخراوە، تەمەنی ڕەشید ئیمامی ٣٣ ساڵە کە ئەندازیاری ڕووپێوی و هونەرمەندە، لەگەڵ هاوسەرەکەی بە ناوی شلێر بەڕێوەبەرزادە (Modirzadeh) لەلایەن هێزەکانی فەرمانگەی ئیتڵاعاتی پاوەوە دەستبەسەرکراون.
هێزە ئەمنییەکان سەرەتا هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەو هاوسەرە و ڕەشیدیان دەستگیرکردووە، دوای چەند کاتژمێرێکیش گەڕاونەتەوە و شلێریشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستگیرکردنی ئەو هاوسەرە بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە نووسراو و مۆڵەتێکی یاسایی بووە، هەروەها هەوڵەکانی خێزان و کەسوکاریان بۆ دۆزینەوەی شوێنی ڕاگرتنیان یان زانینی دۆخی تەندروستییان بێئاکام بووە.
پێشتر ڕەشید ئیمامی لە کاتی خۆپێشاندانەکانی "ژن، ژیان، ئازادی"دا لە ٢٦ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لەگەڵ برا بچووکەکەیدا بە ناوی محەممەد ئیمامی بۆ ماوەیەک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرابوو.
تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنی ئەو هاوسەرە هونەرمەندە، ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون و شوێنی دەستبەسەرکردنیان بە نادیاری ماوەتەوە.