بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند، یەکێتی باوەڕی بە عێراقێکی بەهێز و یەکڕیزە.
بافڵ تاڵەبانی، بەبۆنەی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی، بە سەرککۆماری عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا گوتی، یەکێتی بەڵێن دەدات دەستور و سەروەری عێراق بپارێزێت و پارێزگاری لە پێکهاتەکان بکات ئاماژەی بەوەشکرد، باوەڕیان بە عێراقێکی یەکڕیز و سەربەخۆ و بەهێزە.
گوتیشی، پیرۆزبای لە نزار ئامێدی، سەرۆککۆکاری نوێی عێراق دەکەم و هیوادارم بتوانێ بەبێ جیاوازی خزمەتی تەواوی خەڵکی عێراق بکات.
دوێنێ، 11ـی نیسانی 2026، دوای ململانێیەکی توندی نێوان یەکێتیی و پارتی لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار، پەرلەمانی عێراق دانیشتنێکی تایبەتی بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار ئەنجامدا بە ئامادەبوونی 249 پەرلەمانتار، نزار ئامێدی، بە بەدەستهێنانی 227 دەنگی پەرلەمانتاران بە سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا.
مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بایکۆتی دانیشتنەکەی پەرلەمانیان کردبوو، دوای دانیشتنەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایانگەیاند، " نزار ئامێدی بە نوێنەری زۆرینەی کورد نازانن و مامەڵەی لەگەڵ ناکەن".