به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای راپه‌ڕین ئاشكرایكرد، پێش جه‌ژنی نه‌ورۆز، زۆربه‌ی ناوچه‌كانی سنوری ده‌ڤه‌ری راپه‌ڕین ده‌بنه كاره‌بای 24 كاتژمێریی.
ئه‌ندازیار عه‌لی محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی كاره‌بای راپه‌ڕین له میانی لێدوانی بۆ میدیای پارتی گوتی، له ئێستادا كاره‌بای 24 كاتژمێریی پڕۆژه‌ی رووناكی ته‌نیا له سه‌نته‌ری شاری رانیه جێبه‌جێكراوه، 34 هه‌زار هاوبه‌ش سومه‌ندن لێی، به‌ڵام كاركردن بۆ ناوچه‌كانی دیكه‌ی ده‌ڤه‌ره‌كه ته‌واو بووه و به‌مزووانه ده‌چێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه.
ده‌شڵێ، پێش جه‌ژنی نه‌ورۆز ناوچه‌كانی پشده‌ر، حاجیاوا، چوارقوڕنه، ژاراوه، هه‌ڵشۆ، هێرۆ، ئیسێوه، سه‌روچاوه، به ته‌واوی ده‌كه‌ونه چوارچێوه‌ی پڕۆژه‌ی رووناكی و كاره‌بان ده‌بێته 24 كاتژمێریی.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، پڕۆژه‌ی رووناكی، لۆدی سه‌ر فیده‌ره‌كان و سوتانی محاویله‌كانی زۆر كه‌مكردووه‌ته‌وه.
ده‌شڵێت، له‌سه‌دا 41ی هاوبه‌شانی پڕۆژه‌ی رووناكی له سنوره‌كه، پسوڵه‌ی مانگانه‌یان 50 هه‌زار كه‌متریان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه، له‌سه‌دا 91ی هاوبه‌شانیش پسوڵه‌ی مانگانه‌یان له 100 هه‌زار دینار كه‌متر بووه، ته‌نها له‌سه‌دا 9ی هاوبه‌شانی سنوره‌كه‌یان پاره‌ی زۆریان بۆ گه‌ڕاوه‌ته‌وه.