ڕاستەوخۆ

کۆمیدیان دەنیز گۆکتاش دەستگیرکرا؛ یەکەم لێدوانی لەبەردەم دادوەر ئاشکرا بوو

reset font size increase font size

هونەرمەندی ناسراوی تورکیا، دەنیز گۆکتاش بە تۆمەتی "سووکایەتیکردن بە بەها ئاینییەکان" و "سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار" بەهۆی دیمەنەکانی نمایشێکی ستاندئەپ کۆمیدییەوە بە ناوی "دەریای مردوو" (Ölü Deniz) لە لایەن دادگای تورکیاوە بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دەرکرا.

داواکاریی گشتیی ئەستەنبوڵ پێشتر لێکۆڵینەوەی لە دژی گۆکتاش دەستپێکردبوو.

 ناوبراو کە بۆ گەشت لە دەرەوەی وڵات بوو، دوێنێ لە کاتی گەڕانەوەیدا لە فڕۆکەخانە دەستبەسەرکرا و دوای شەوێک مانەوە لە زیندان، ڕەوانەی دادگا کرا و لەوێشەوە بە فەرمی فەرمانی گرتنی بۆ دەرکرا.

"ئامانجم شکاندنی دڵی هیچ مرۆڤێکی باوەڕدار نەبووە"

لە دەقی یەکەم گوتەکانیدا لەبەردەم پۆلیس و دادگە، دەنیز گۆکتاش دانی بەوەدا ناوە کە ڤیدیۆکە هینی خۆیەتی و لە نمایشی ڕۆژی 1ـی حوزەیران لە شانۆی کراوەی "حەربیە جەمیل تۆپوزڵو" تۆمارکراوە و دواتر لە یوتیوب بڵاوکراوەتەوە.

سەبارەت بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە ئایین، گۆکتاش ڕایگەیاند: "ئەم نمایشە نزیکەی 3 ساڵە لە شارە جیاوازەکانی تورکیا پێشکەش دەکەم و زیاتر لە 100 هەزار کەس بینیویانە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک گلەیی نەکردووە کە ئازاری پێگەیشتووە.

من تەنیا باسی دینداران ناکەم، بەڵکو باسی هەموو بیروڕایەکی سیاسی و کەسایەتییەکی ناسراو دەکەم. لە ڤیدیۆکەشدا دەڵێم [قورئان] کتاوی دڵخوازی منە، و ڕستەی [کێشە لە وەرگێڕاندا هەیە] تەنیا ئاماژەیە بۆ ئەو مشتومڕانەی لەسەر تەفسیرەکان هەن.

بە هیچ شێوەیەک مەبەستم شکاندنی دڵی مرۆڤێکی باوەڕدار نەبووە."

"وشەی دیکتاتۆر وەسفێکی سیاسییە نەک سووکایەتی"

سەبارەت بە تۆمەتی سووکایەتیکردن بە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، گۆکتاش بەرگری لە خۆی کرد و گوتی: "هیچ نییەتێکم بۆ سووکایەتیکردن بە سەرۆککۆمار نەبووە. وشەی 'دیکتاتۆر' پێناسەیەکی سیاسییە و هاوشێوەی وشەکانی دیموکرات و ئۆتۆکراتە کە هەمیشە لە ناوەندە گشتییەکاندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

 ئەمە تەنیا نیشاندانی تێڕوانینێکی تەنزئامێز بوو بەرامبەر بە ڕووداوە سۆسیۆلۆژییەکانی تورکیا و هیچ مەبەستێکی دیکەم نەبووە."

سەرەڕای ئەم بەرگرییانە، دادوەر بڕیاریدا بە ڕاگرتن و زیندانیکردنی دەنیز گۆکتاش تا کاتی بەڕێوەچوونی دادگاییکردنەکەی.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.