حکومەتی هەرێمی کوردستان قەرەبووی ئەو ماڵ و هاوڵاتیانەی سنوری ڕانیە و حاجیاوا دەکاتەوە کە بەهۆی تەرزە و باران و لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ڕۆژی 20ـی نیسانی 2026، شەپۆلێکی بەهێزی باران و تەرزە سنوری قەزاکانی ڕانیە و حاجیاوای گرتەوە و بەهۆیەوە 35 کەس بریندار بوون و زیان بە چەندین ماڵیش گەیشت، لەئێستادا لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیان پێکەوتووانی لافاو و تەرزەکە.
قایمقامیەتی قەزای ڕانیە لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، بەهۆی ئەو شەپۆلە بەهێزەی با و باران و تەرزەوە کە سنوری ڕانیەی گرتەوە، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و ژمارەیەک لە ماڵ و خانووی هاوڵاتیانیش زیانێکی زۆر بە کەلوپەلەکانیان گەیشت.
دەشڵێت، لیژنەیەک پێکهێنراوە بۆ قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو هاوڵاتیانەی بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێگەیشتووە.

