ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی ڕایگەیاند، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ڕێگریی لە گواستنەوەی نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار لە داهاتی فرۆشتنی نەوتی عێراق کردووە.
ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، پارەکەی عێراق لە بانکی فیدڕاڵیی نیویۆرکدا دانراوە و بڕیار دراوە هەتا گۆڕانکاریی لە بڕیارەکەدا لە بانکەکەدا بمێنێتەوە.
ئاماژە بەوەشکراوە، بڕیارەکەی ئەمریکا بە مەبەستی فشارخستنە سەر عێراقە، تاوەکو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران هەڵبوەشێنێتەوە.
ئەوەش هاتووە، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا ناردنی دۆلاری ئەمریکی بۆ عێراق ڕاگرتووە و بەرنامەکانی هاوکاری ئەمنیشی لەگەڵ سوپای ئەو وڵاتە سڕ کردووە.
دەشڵێت، بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەکردووە، کە شکستی عێراق لە ڕێگریکردن لە هێرشی میلیشیاکان کاریگەری نەرێنی لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات دروست کردووە و ئەم بڕیارانەش دەرئەنجامی ئەو نیگەرانییانەیە.