بەڵگەنامەكانی پەیوەست بە لێكۆڵینەوە لەدۆسیەی جێفری ئێپستین گەورە سەرمایەداری ئەمریكی جیهانیی هەژاندوەو رۆژ بە رۆژ شتی نوێتر و تۆمەتباری تر لەو دۆسیە پڕ تاوانكارییەدا دەردەكەوێت.
لەنوێترین زانیاری لە بارەی ئەو دۆسیەیە یاریدەدەری بیل كلینتۆن سەرۆكی پێشووی ئەمریكا دەڵێت: كلینتۆنو هیلاری هاوسەری كە كاندیدی پێشووی سەرۆكایەتی ئەمریكا بوو لە 2016 ، لەكۆنگرێس وتەیان لێوەردەگیرێت لەبارەی لێكۆڵینەوەكانی ئەو دۆسیەیەوە.
سەرچاوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، پێدەچێت چەندین گەورە كەسایەتیی ترو كاربەدەستو سەرمایەداری ئەمریكا بانگبكرێن بۆ ئەوەی وتەی خۆیان بدەن لەبارەی ئەو دۆسیە پڕ تاوانكارییەی ئێپستین.
هاوكات جاك لانگ تەمەن 86 ساڵ وەزیری پێشووی رۆشنبیری فەرەنسا كەناوی لەبەڵگەنامەكانی دۆسیەی تاوانە سێكسیەكانی جێفری ئێپستیندا هەیە دەڵێت: دان بەوەدا دەنێت ئێپستینی ناسیوەو داوای لێكردووە فڕۆكەو ئۆتۆمبێلی ئێپستین بۆ كاری تایبەتیی خۆیو خێزانەكەی بەكاربهێنێت، بەڵام كاتێك زانیوێتی چ تاوانێكی كردووە توشی شۆك بووە.
نیوەی پشكەكانی ئەو گەورە كۆمپانیایەی جێفری ئێپستین گەورە سەرمایەداری ئەمریكی ساڵی 2016 لەدورگەی ڤێرجن دایمەزراند, كردوێتی بەناوی كارۆلینی كچی جانگ لانگ وەزیری پێشووی رۆشنبیری فەرەنساوە، بەڵام تا ئێستا بەپێی بەڵگەنامەكانی ئەو دۆسیە پڕ تاوانكارییەی ئێپستین، هیچ ئاماژەیەك نیە بیسەلمێنێت باوكو كچەكە تێوەگلابن لەتاوانە سێكسیەكانی ئێپستیندا.
جاك لانگ دەشڵێت: لەكاتی پەیوەندییم لەگەڵ جێفری ئێپستین، هیچ شتێكی گوماناویی نەبووە كەوا پیشانی بدات ئەو پیاوە سەرۆكایەتی باندێكی تاوانكاریی دەكات، ئەگەر بیزانیایەو گومانی بۆ دروست بوایە، دەستبەجێ پەیوەندیی لەگەڵ دەپچڕاند.
كارۆلینی كچی جاك لانگ یش دەڵێت: ئەو تەنها شارەزایی خۆی لەبواری هونەریدا پێشكەش بەكۆمپانیاكەی ئێپستین كردووە.
هەرچەندە لەبەڵگەنامەكانی دۆسیەی ئێپستین ناوی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكاو بیل كلنتۆنی سەرۆكی پێشوو دێن، بەڵام هیچ تۆمەتێكیان ئاراستە نەكراوە سەرەڕای قسەو مشتومڕی زۆر لەو بارەیەوە.
جێفری ئێپستین یەكێك لە ملیاردێرەكانی ئەمریكا بوو پەیوەندیەكی بەهێزی لەگەڵ كەسایەتیە دیارەكانی بواری سیاسەتو كۆمەڵایەتییو دنیای سەرمایەو وەبەرهێنان لەجیهاندا هەبوو، ساڵی 2016 تۆڕێكی زەبەلاحی لەژێر ناوی كۆمپانیا لەدورگەكانی ڤێرجن دروستكردو دواتر تۆمەتبار كرا بەوەی كە لەژێر ناوی كۆمپانیادا تۆڕێكی نێودەوڵەتیی گەورەی دروستكردووە بۆ بازرگانیكردن بە مرۆڤ و دەستدرێژیی سێكسی.
ئێپستین ساڵی 2008 بۆ یەكەم جار لەفلۆریدا دەستگیركرا، بەڵام ئەو كاتە داواكاری گشتیی ئەمریكا بەتۆمەتێكی سوك ماوەی 13 مانگ زیندانیكردنی بەسەردا سەپاندو بە رۆژیش دەهاتە دەرەوەی زیندانو دواتر ئازادكرا، بەڵام ساڵی 2019 جارێكی تر بەتۆمەتی دروستكردنی باندێكی گەورەی نێودەوڵەتیی دەستگیر كرایەوەو ئەمجارە لەناو زینداندا خۆی كوشت، لەكاتێكدا رووبەڕووی تۆمەتی بازرگانیكردن بەكچانی خوار تەمەن 18 ساڵا بوو بوەوە بەكاری سێكسی.
مردنەكەی ئێپستین چەندین گومانی دروستكردوەو قسە لەسەر لەناوبردنی دەكرێت لەلایەن كەسانی دەستڕیشتووە بۆ ئەوەی دۆسیەكە بە زوویی دابخرێتو كۆتایی پێ بهێنرێت.
ساڵی 2024 دادگای ئەمریكا بڕیاریدا بەڵگەنامەكانی دۆسیەی پڕ تاوانكاریی باندەكەی ئێپستین ئاشكرا بكرێو بەنهێنی نەمێننەوە.