کۆمپانیای "ئادیداس"ی ئەڵمانی بۆ پێداویستییە وەرزشییەکان داوای لێبوردنی کرد دوای ئەوەی ڕووبەڕووی شەپۆلێکی بەربڵاوی ڕەخنە و بانگەوازی بایکۆتكردن بووەوە بەهۆی بەشداریکردنی سەربازێکی پێشووی ئیسرائیل کە قاچێکی لەدەستداوە لە هەڵمەتێکی ڕیکلامیدا.
شالێڤ بیتۆن، سەربازێکی پێشووی سوپای ئیسرائیل کە لە ساڵی 2021 لەسەر سنووری غەززە بریندار بوو و قاچێکی بڕدرایەوە، بەشداریی لە هەڵمەتێکی ناوخۆیی ئادیداسدا کردبوو بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزاری "Single Shoe" (یەک پێڵاو)، کە ڕێگە بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و یەکقاچ دەدات تاوەکو لە بری جووتێک، تەنها یەک پێڵاو بکڕن.
بڵاوبوونەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئەو سەربازە توڕەیی و نەڕەزایەتیی بەرفراوانی چالاکوانانی لایەنگری فەلەستینی لە سۆشیال میدیا لێکەوتەوە؛ بەتایبەت بەهۆی ئەوەی لە ئەنجامی شەڕ و هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، هەزاران هاووڵاتی و منداڵی فەلەستینی قاچیان لەدەستداوە و ڕەخنەگران کۆمپانیاکەیان بەوە تۆمەتبار کرد کە چاوپۆشی لە هاووڵاتییانی غەززە کردووە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کۆمپانیای ئادیداس ڕوونی کردەوە کە ئامانجیان بە هیچ شێوەیەک دڵئێشاندن و بێڕێزیکردن نەبووە و داوای لێبوردنیان لە هەموو ئەو کەسانە کرد کە کاریگەر بوون بەم بابەتە. هاوکات جەختیان لەوە کردەوە کە ئەم ڕیکلامە لەلایەن تیمە خۆجێییەکەیانەوە تەنها لەناو ئیسرائیل ئەنجامدراوە و بەشێک نەبووە لە هەڵمەتێکی جیهانیی کۆمپانیاکە.