گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوە باڵاکانیدا لە تاران، دووپاتی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان لە ململانێ و گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا بێلایەن دەبێت و نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ.
ئەمڕۆ هەینی، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوای گەڕانەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆماری ئیسلامیی ئێران ڕایگەیاند، سەردانەکەی تاران لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ئەو وڵاتە بووە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەم سەردانەدا زنجیرەیەک کۆبوونەوەی باڵای لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامداوە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکان، دڵشاد شەهاب گوتی: "ئێمە هەڵوێستی ڕوون و فەرمیی هەرێمی کوردستانمان لەسەر بێلایەنی لە شەڕ و گرژییەکانی ئەم دواییەی ناوچەکەدا دووپاتکردەوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی دا بۆ پاراستنی بێلایەنیی نیشتمانی؛ هەرچەندە لەم ململانێیەدا زیانی گیانی و ماددیمان بەرکەوت، بەڵام سیاسەتی هاوسەنگمان وایکرد بە سەرکەوتوویی بەسەر دۆخەکەدا زاڵ ببین."
ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە ناکۆکەکان و ئەکتەرەکانی دیکەش ڕێزیان لەم سیاسەتە هاوسەنگەی هەولێر گرتووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕوونیکردەوە کە دۆسیەی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ ناوچەییەکان، یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکان؛
نێچیرڤان بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ دیالۆگ و دانوستان وەک تاکە ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دەربڕیوە و جەختی کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان نابێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی.
لایەنی ئێرانیش بایەخی زۆریان بە پێوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان داوە و پێشوازیی گەرمی تاران نیشانەی پێگەی مێژوویی و دیپلۆماسی هەرێمی کوردستانە.
سەبارەت بە دۆخی ناوخۆیی، دڵشاد شەهاب ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن دۆخی سیاسیی هەرێم بەرەو خراپی دەچێت و گوتی: "پێگەی سیاسی و دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستان زۆر بەهێزە.
ڕاستە کێشەی ناوخۆیی هەن، بەڵام هەرێم لە مهترسیدا نییە و ناکۆکییە سیاسییەکان هەرگیز نابنە مەڕەشە بۆ سەر قەوارە دەستوورییەکەی."
لەکۆتاییدا، سەبارەت بە پەرلەمانی کوردستان، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێم ڕایگەیاند کە کاراکردنەوەی پەرلەمان زۆر دواکەوتووە؛
خەڵکی کوردستان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان چاوەڕێی دەستپێکردنەوەی کارەکانی پەرلەمان دەکەن و ئەوەش بە مافێکی بنەڕەتی و شەرعیی خەڵکی کوردستان دەزانن.