قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە شاری ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و چەند پرسێکی گرنگی سیاسی، ئەمنی و ئابوورییان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و هەرێمی تاووتوێ کرد.
ئەمڕۆ هەینی، 3ـی تەممووزی 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، لە سەردانێکیدا بۆ تورکیا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی دوایین پەرەسەندنەکانی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیادا کرا؛ قوباد تاڵەبانی پشتگیریی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپاتکردەوە و خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە حکومەتی تورکیا و لایەنە پێوەندیدارەکان سوورن لەسەر بەردەوامی و سەرکەوتنی ئەم پرۆسە مێژووییە.
هیوایشی خواست ئەم قۆناغە نوێیە ببێتە هۆی پتەوبوونی پێوەندییەکانی نێوان تورکیا و هەرێم، بەتایبەتیش پارێزگای سلێمانی لە بوارەکانی بازرگانی و خوێندنی باڵادا.
لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە شەڕ و ناکۆکییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ناوچەکەدا کرا.
جێگری سەرۆکوەزیران جەختی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی هەرێمی کوردستان کردەوە و ڕایگەیاند کە هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لە ململانێ و ئاڵۆزییەکان، بەڵکو بە هەموو توانایەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی کاردەکات بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.
لەکۆتاییدا، گفتوگۆ لەبارەی دۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و بەربەستەکانی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ کرا.
قوباد تاڵەبانی ڕوونیکردەوە کە دواکەوتنی زیاتری ئەم پرسە زیان بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت و جەختیشی کردەوە کە یەکێتی ئامادەیە بۆ پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە کە بەبێ جیاوازی خزمەتی خەڵک بکات.