ئۆزگور ئۆزێل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، پێشنیازێکی نوێی ئاراستەی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی پێشووی پارتەکە کرد و ڕایگەیاند، ئامادەیە پڕۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پارتەکە بۆ ناو ئەندامان و لایەنگران ببات.
ئۆزگور ئۆزێل لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: "پێشنیاز دەکەم بەڕێز کەمال لە ڕێگەی دەنگی دوو ملیۆن ئەندامەوە وەک سەرۆک هەڵبژێردرێتەوە". ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر سندووقی دەنگدان بخرێتە بەردەم دوو ملیۆن ئەندامی جەهەپە، ئەو وەک دوایین سەرۆکی هەڵبژێردراو دێتە پێشەوە و کێبڕکێ دەکاتەوە.
سەرۆکی جەهەپە جەختی لە گیانی دیموکراسیی ناو پارتەکەی کردەوە و ڕوو لە کەمال کڵچدارئۆغڵو گوتی: "ئەگەر لەو هەڵبژاردنەدا کەسێکی دیکە جگە لە من سەرکەوت، نەک هەر دەست بەرز ناکەمەوە، بەڵکو دەستیشت ماچ دەکەم".
ئەم هەڵوێستەی ئۆزێل وەک هەوڵێک بۆ تاقیکردنەوەی شەرعییەتی جەماوەری و کۆتاییهێنان بە مشتومڕە ناوخۆیییەکانی ناو پارتی گەلی کۆماری دەبینرێت.