تولای هاتیمۆغۆڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانەوە پەیامێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا تیشکیان خستە سەر بارودۆخی سیاسی، کۆمەڵایەتی و پرسی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
هاوسەرۆکانی دەم پارتی ڕایانگەیاند، لەم ڕۆژە مێژووییانەدا کە ناوچەکە بە قۆناغی ئاشتی و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکدا تێپەڕ دەبێت، گرنگترین شت بۆ تورکیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدیهێنانی دیموکراسییەکی بەهێز و ئاشتییەکی سەرتاسەرییە. ئاماژەیان بەوەش کرد، پێویستە ئاشتیی کۆمەڵایەتی تەنیا لە ڕێگەی دادپەروەری و دابینکردنی مافەکانەوە بەدەست بهێنرێت.
هەروەها جەختیان لەوە کردەوە، تێکۆشانیان بەردەوام دەبێت بۆ گەیشتن بەو ڕۆژانەی کە سەرجەم ڕێگرییەکانی بەردەم سیاسەتی دیموکراتیک لادەبرێن و داهاتوویەکی ئازاد لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوونی یەکسان بنیاد دەنرێت. هاوسەرۆکانی دەم پارتی هیواخوازن ئەم جەژنە ببێتە ڕێخۆشکەر بۆ ژیانێکی نوێ کە تێیدا دادپەروەری و ئازادی و برایەتیی گەلان باڵادەست بێت.