پەرلەمانی عێراق داوا لە ئەنجوومەنی وەزیران دەکات دەستوبرد بکەن لە ناردنی پڕۆژەیاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت و کەرتی گشتی بۆ پەرلەمان، تاوەکو بە یاسا باروگوزەران و مووچەکانیان باش بکرێت.
هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە نووسراوێکدا بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، ئەو هەڵاوسانەی دروستبووە کاریگەریی کردووەتە سەر گوزەرانی خەڵک و بازاڕ. ئاماژەی بە تێپەڕبوونی چەند ساڵێکیش بەسەر یاسا کۆنەکەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت کردووە و داوای کردووە ئەنجوومەنی وەزیران پەلە بکات لە ناردنی پڕۆژەیاسای تایبەت بە مووچەی فەرمانبەران.
سەرۆکی پەرلەمان ڕاشیگەیاندووە، ئەم هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێویستە بۆ ئەوەی یاسایەکی نوێ دەربکرێت، یان یاسا کۆنەکە هەموار بکرێتەوە، بە جۆرێک لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بگونجێت و ئەو نادادپەروەرییەش، کە لە نێوان مووچەی پلە باڵاکان و پلەکانی خوارەوە هەیە، چارەسەر بکرێت.
ئێستا مامۆستایان و فەرمانبەران لە عێراق و هەرێمی کوردستان، لە چاوەڕوانیی پڕۆژەیاسای پلەبەندیی مووچەدان، تاوەکو دادپەروەری لە دابەشکردنی داهاتدا بێتە دی و مووچەکان لەگەڵ گرانیی بازاڕدا هاوتا بکرێنەوە.