ڕاستەوخۆ

پەیامی پارتەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان لە کۆبوونەوەی کەنەکە دا چی بوو؟

reset font size increase font size

بیست و چوارەمین کۆبوونەوەی دەستەی گشتیی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (KNK) لە شاری ڤێینلۆی هۆڵەندا، بە بەشداریی نوێنەرانی هەر چوار پارچەی کوردستان و پێکهاتەکانی دیکە، لە ڕێگەی پێشکەشکردنی گوتار و خوێندنەوەی پەیامەکانەوە بەردەوامە و تێیدا جەخت لە گرنگیی یەکڕیزی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەش دەکرێتەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، پرۆفیسۆر د. نایلە بەلوچ لەسەر ناوی گەلی بەلوچ گوتارێکی پێشکەش کرد و وێڕای سڵاوکردن لە تێکۆشانی 27 ساڵەی KNK، ڕایگەیاند کە تێکۆشانی گەلی کورد بۆ ئازادی و خۆبەڕێوەبەری گرنگە و هاوسۆزیی نێوان کورد و گەلانی دیکە هیوای ئاشتی و دیمۆکراسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر دەکات.

 ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە گەلی بەلوچ لە ئێران و پاکستان ڕووبەڕووی پێشێلکاریی توندی مافەکانی مرۆڤ دەبێتەوە، بەڵام سەرەڕای گوشارەکان بەردەوام دەبن لە تێکۆشان.

 

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان: نەبوونی یەکڕیزی کێشەی جیدی دروست دەکات

سەلار مەحمود، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گوتارێکدا جەختی لە گرنگیی یەکێتیی نەتەوەیی کورد کردەوە و ڕایگەیاند: "نەبوونی یەکڕیزی لەبەرامبەر گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، کێشەی جدی لێدەکەوێتەوە و بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد پێویستیمان بە پێکەوە کارکردن هەیە."

   ئاماژەی بەوەش کرد کە پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا و پێشهاتەکانی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ هەموو کوردان گرنگن، بۆیە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان هەڵوێستێکی هاوبەش پێویستە.

 

حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران: دەبێت لەژێر چەتری ستراتیژێکی هاوبەشدا یەکبگرین

لەلایەکی دیکەوە، کوێستان گادانی، نوێنەری حزبی دیموکراتی کوردستان-ئێران (PDK-I) ئاماژەی بەوە کرد کە تێکۆشانی گەلی کورد لە جوگرافیایەکی بەربڵاودا بەڕێوەدەچێت و گوتی: "پێویستە کورد لەم قۆناغە نوێیەدا لەژێر چەتری ستراتیژێکی هاوبەشدا یەکبگرێت." ناوبراو داوای یەکڕیزی لە نێوان پارتە سیاسییەکاندا کرد و هۆشداریی دا کە کورد یان دەبێت دەستکەوتەکانی لە ڕێگەی یەکێتیی نەتەوەییەوە بەهێز بکات، یانیش ڕووبەڕووی مەترسیی گەورە دەبێتەوە.

 

نوێنەری ڕۆژئاوا: یەکێتیی نەتەوەیی پێویستییەکی بەپەلەیە

د. عەبدولکەریم عومەر، نوێنەری بەڕێوەبەرایەتیی دەرەوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ئەوروپا، ڕایگەیاند کە گەلی کورد لە قۆناغێکی هەستیاردا دەگوزەرێت. ئەو تیشکی خستە سەر پێشهاتەکانی عێراق و ڕۆژئاوای کوردستان و جەختی کردەوە کە دەبێت ڕۆژەڤی سەرەکیی کۆبوونەوەکە پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی کورد بێت.

د. عەبدولکەریم عومەر ڕوونیشیکردەوە، پێویستە یەکێتیی نەتەوەیی بەپەلە بهێنرێتە بەرهەم بۆ ئەوەی ڕێگری لە زیان و دەستکەوت لەدەستدانی زیاتری کورد بکرێت، لە کۆتاییشدا سڵاوی بۆ بەرخۆدانی ڕۆژئاوای کوردستان نارد.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.