بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە 6ی حوزەیرانی 2026، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە شاری کامیارانی سەر بە پارێزگای سنە، بەبێ بوونی حوکمی دادوەر، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کەژاڵ ڕەحمانی و دانیال ڕەحمانی کە خوشک و بران وپاش شکاندنی دەرگای ماڵەکانیان، دەستبەسەریان کردوون و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستوونەتەوە.
ئەم خوشک و برایە پێشتریش بەهۆی چالاکیی سیاسیی ئەندامانی بنەماڵەکەیانەوە لەژێر گوشاردا بوون؛ چونکە جەمال ڕەحمانی، برای کژاڵ و دانیال کە ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کۆدار) بوو.
لە ساڵی 1977 لەلایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە کوژرا و بنەماڵەکەیان تاوەکو ئێستاش نە تەرمەکەیان وەرگرتووەتەوە و نە زانیارییان لەسەر شوێنی ناشتنی هەیە.
هاوکات برایەکی دیکەیان بە ناوی ڕێبین ڕەحمانی، زیندانیی سیاسیی پێشوو و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانە.
کژاڵ ڕەحمانی کە وەک پەرستار لە نەخۆشخانەی سینای کامیاران کاری دەکرد، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار لەلایەن وەزارەتی ئیتڵاعاتەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرابوو, دواجار ساڵی ڕابردوو بەهۆی گوشارە ئەمنییەکانەوە لە کارەکەی دەرکرا.
لە لایەکی دیکەشەوە دانیال ڕەحمانی، خوێندکاری بەشی ئەندازیاریی کۆمپیوتەر لە زانکۆی ئازادی سنە، چەندین جار لەلایەن ئیتڵاعاتی سوپای پاسدارانەوە بانگهێشت و لێکۆڵینەوەی لێکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستبەسەرکردنی نوێی ئەم خوشک و برایە و ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراون، نەزانراون.