بە بەشداریی سەدان کەس لە دانیشتووانی شاری قامیشلۆ، تەرمی پێنج شەهید لە هێزەکانی هەسەدە، هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ و هێزەکانی ڕزگاریی عەفرین بەخاک سپێردران.
لە ڕێوڕەسمێکی جەماوەریدا لە مەزارگەی "شەهید دەلیل سارۆخان"، تەرمی شەهیدان شەڕڤان قامیشلۆ، ئارام قامیشلۆ، عەلی عەرەب، شاهین قامیشلۆ و قەرار عەفرین، کە لە نێوان 8 بۆ 26ـی مانگی یەکەمی ئەمساڵدا، شەهید ببوون، بە ئامادەبوونی کەسوکاریان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەخاک سپێردران.
هاوکات، ڕێوڕەسمێکی غیابییش بۆ سێ شەهیدی دیکە بە ناوەکانی زنار شکاتۆ، زاگرۆس بۆتان و دڵشێر بەڕێوەچوو.
فاتیمە ئەلجاسم، ئەندامی مەجلیسی بنەماڵەی شەهیدان لە وتەیەکدا جەختی لەوە کردەوە، شەهیدان گیانی خۆیان بۆ ئازادی گەلەکەیان بەخشیوە، بەڵێنی خۆیشی بۆ درێژەپێدان بە ڕێبازی شەهیدانی دووپات کردەوە.
هەروەها دانی محەمەد، بە نوێنەرایەتی هێزە ئەمنییەکانی ناوخۆ ڕایگەیاند، دەستکەوتەکانی ئەمڕۆ بەرهەمی خوێنی شەهیدانە و ئەوان سەرچاوەی هێزی گەلەکەمانن.
حەسەن کۆچەر، ڕاوێژکاری بەڕێوەبەریی خۆسەریش، لە ڕێوڕەسمەکەدا قسەیکرد و جەختی لەوەکردوە، شەهیدان گەلی کوردیان لە قڕکردنێکی گەورە ڕزگار کردووە. هەروەها گوتیشی، "دوژمن هەرچەندە هەوڵی شکاندنی ئیرادەی گەلی کورد بدات، بەڵام بەرخۆدانی شەهیدان سەلماندی، بە تێکۆشان دەتوانین بوونی خۆمان بپارێزین."