وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترین پڕۆژەی چاکسازی لە پرۆگرامەکانی خوێندندا ئامادە دەکات و بەپێی پڕۆژەکە، 110 پەرتووکی خوێندن لە سەرجەم قۆناغەکاندا هەموار دەکرێنەوە و بابەت و وانەی نوێ دەخرێنە ناو سیستمی پەروەردەوە.
حەسەن سهرتیپ جاف، بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکانی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردە ڕایگەیاند، چاکسازییەکان لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو پۆلی 12ی ئامادەیی دەگرێتەوە. هەروەها ئاشکرای کرد کە 12 بابەتی نوێی خوێندن پەرەیان پێدراوە و زیاد کراون، ئەمەش بە گەورەترین پاکێجی گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندندا هەژمار دەکرێت.
دیارترین گۆڕانکارییەکان لە پۆلەکاندا:
باخچەی ساوایان: جەختکردنەوە لەسەر پەروەردەی نیشتمانی، پاراستنی ژینگە و هەستی بەرپرسیارێتیی کۆمەڵایەتی.
زمانی کوردی: هەموارکردنەوەی پڕۆگرامی پۆلی 6ی بنەڕەتی.
زانستەکان: زانستی پۆلەکانی 6، 8 و 9ی بنەڕەتی؛ بیرکاریی پۆلی 11؛ کیمیای پۆلەکانی 11 و 12ی ئامادەیی.
هونەر: پەرتووکی هونەری پۆلەکانی 7 تاوەکو 9ی بنەڕەتی.
چاپکردن و دابەشکردنی پەرتووکەکان
بەڕێوەبەری گشتیی پرۆگرامەکان ئاماژەی بەوە کرد کە تێچووی چاپکردنی پەرتووکە نوێیەکان لە نێوان 23 بۆ 25 ملیار دیناری عێراقیدایە و ئەرکی چاپکردنەکە دراوەتە کۆمپانیای (مسار)ی ئیماراتی. بڕیارە تاوەکو 15ی ئەیلوول سەرجەم پەرتووکەکان بگەنە قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
هاوکات لەگەڵ وەشانی چاپکراو، وەزارەتی پەروەردە سەرجەم پەرتووکە هەموارکراوەکان دەخاتە سەر پلاتفۆرمی E-School بۆ ئەوەی ببنە بەشێک لە سیستمی پەروەردەی دیجیتاڵی.
وەزارەتی پەروەردە ئاشکرای کردووە کە تاوەکو ئێستا 80%ی نەخشەڕێگەی بەنوێکردنەوەی پرۆگرامەکانی خوێندن تەواو بووە و بڕیارە تاوەکو ساڵی خوێندنی 2028-2029 سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی پڕۆژەکە جێبەجێ بكرێن.