گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت حکومەت لەسەر هێڵە بۆ دابینکردنی بڕی بەنزینی پێویست و جەخت دەکاتەوە کە کێشەی گرانی و کەمیی بەنزین درێژە ناکێشێت و بە زووترین کات چارەسەر دەکرێت.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە هۆکاری گرانبوونی بەنزین و پەیدابوونی ئەم گرفتە بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەگەڕێتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە سەدا 70ی هاوڵاتییان بەنزینی نۆرماڵ بەکاردەهێنن، هەر بۆیە ئامانجی سەرەکییان ڕێکخستنەوەی دابەشکردنی سووتەمەنییە تاوەکو فشار لەسەر هاوڵاتییان کەمبکرێتەوە.
گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد، لەبارەی ئەم پرسەوە کۆبوونەوەیەکی یەکلایکەرەوە لە نووسینگەی سەرۆکوەزیران و لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەنجام دەدرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا تەئکید لەسەر ئەوە دەکرێتەوە کە ئاسانکاریی تەواو بۆ هێنانی بەنزینی بازرگانی بکرێت و شێوازی دابەشکردنی بەنزین و سووتەمەنی بە گشتی ڕێکبخرێتەوە.
پێشەوا هەورامانی ئەوەشی خستەڕوو کە لە کاتی ئاساییدا ڕۆژانە 20 تانکەر بەنزین بۆ پارێزگای هەولێر دابین دەکرێت و حکومەت هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی ڕەوشەکە بگەڕێنێتەوە بارودۆخی ئاسایی خۆی.