کۆمپانیای دانە گازی ئیماراتی بە فەرمی ڕایگەیاند، بەهۆی خراپیی دۆخی ئەمنی و هەبوونی مەترسیی لەسەر کێڵگەکە، بەرهەمهێنانی گازی سروشتیی لە کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە شێوەیەکی کاتی ڕاگرتووە، بڕیارێک کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی کاتەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان دەبێت.
کۆمپانیاکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026 لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: "لەبەر بوونی هەڕەشەی باوەڕپێکراو لەسەر ئاسایش و توندبوونەوەی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە، سەرجەم دامەزراوە سەرەکییەکانی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەشێوەیەکی کاتی داخران".
کۆمپانیای دانە گاز ئاماژەی بەوە کردووە، کە لە ڕێگەی تیمەکانییەوە بەردەوامە لە چاودێریکردنی دۆخە ئەمنییەکە، ئەوەش بە هاوکاری و هەماهەنگیی تەواو لەگەڵ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سلێمانی و هاوکات لەگەڵ حکومەتی فیدراڵیی عێراق.
ئەم بڕیارە دراماتیکییەی دانە گاز پاش تێکچوونی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکە و هێرشە درۆنییەکەی شەوی ڕابردووی سەر ئاسمانی هەولێر دێت، کە تێیدا دژەتیرۆری کوردستان ڕایگەیاندبوو هەشت درۆنی بۆمبڕێژکراو لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە تێکشکێنراون.
کێڵگەی گازی کۆرمۆر دەکەوێتە ناحیەی قادرکەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، شادەماری سەرەکیی دابینکردنی غازی وێستگەکانی کارەبای هەرێمی کوردستانە. دابینکەری سەرەکیی سووتەمەنییە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر.
گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتییە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کە یەدەگی سەلمێندراوی بە ١٦ تریلیۆن پێ سێجا دەخەمڵێنرێت. بەهۆی وەستانی ناردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەبا، پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتییان لە شارەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەرچاو کەم بکات.