ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیارێکی نوێی لەبارەی پێدانی مۆڵەتی بێمووچە بە فەرمانبەران دەرکرد و ماوەی مۆڵەتەکەی لە پێنج ساڵەوە بۆ دوو ساڵ کەم کردەوە.
بەپێی بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران، پێدانی مۆڵەتی بێمووچە لە تەواوی ماوەی ڕاژەی فەرمانبەریدا تەنیا بۆ یەک جار دەبێت و ئەو ماوەیەی کە فەرمانبەر لە مۆڵەتدا دەبێت، بە خزمەتی فەرمانبەریی هەژمار ناکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە کە ئەم گۆڕانکاری و ڕێکارە نوێیە هاوتایە لەگەڵ ئەو بڕیارەی پێشتر لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، بە مەبەستی ڕێکخستنەوەی زیاتری کاروباری فەرمانبەران و دامەزراوە فەرمییەکان.