وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، شێوازی نەریتیی وەرگرتنی مووچە کۆتاییهاتووە و لە ئێستادا زیاتر لە 99%ـی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی پڕۆژەی (هەژماری من) و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە (ئەی تی ئێم) بەشێوەی ڕاستەوخۆ مووچەکانیان وەردەگرن.
لە ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، پێشتر مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێگەی بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە دابەش دەکرا کە ئەوەش سەرەڕای کارئاسانیی بەراورد بە شێوازە کۆنەکان، بەڵام قۆناغێکی نوێی بەخۆیەوە بینی و ئێستا پڕۆسەکە گواستراوەتەوە بۆ سیستمی سەردەمییانە.
وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوە داوە کە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری هێزەکانیان (زیاتر لە 99٪) لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمارکراون و بێ کێشە لە ڕێگەی ئەی تی ئێمەکانەوە مووچەکانیان وەردەگرن، ئەمەش کۆتاییهاتنی یەکجارەکیی بە نەریتی کۆنی دابەشکردنی مووچە هێنا.