ڕاستەوخۆ

تۆمارکردنی زیاتر لە دوو هەزار شوێنی شوێنەواری لە هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆی هارڤارد ڕاگەیەندرا

reset font size increase font size

بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر تۆمارکردنی فەرمیی زیاتر لە 2000 شوێنی شوێنەواریی لە سەرانسەری پارێزگاکەدا ڕاگەیاند، کە لە ڕێگەی بەرنامەیەکی ئەکادیمیی هاوبەشەوە لەگەڵ زانکۆی هارڤارد ڕووپێوییان بۆ کراوە. هاوکات بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای کرد، 14 تیمی بیانیی پسپۆڕ لە ئەنجامدانی ڕووپێوی و پشکنیندا لە ناوچە جیاوازەکان بەردەوامن.

نادر بابەکر محەمەد، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری هەولێر بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕوونی کردەوە، لە سەنتەری هەولێر 12 گردی شوێنەواری هەن کە لە کۆندا شاری بچووککراوە بوون (دیارترینیان قانج ئاغایە). هەروەها ئاماژەی بە گردی شوێنەواریی گەورەی "کورد قەبرستان" لە دەرەوەی شار کرد، کە لە نووسراوە بابلییەکاندا ناوی هاتووە و نەخشەی تەلارسازیی تەواوی تێدایە. گوتیشی چەندین گردی دیکەی وەک (قەسرا، ئەشكەوت، باخچەن، تری کۆشک، نادر، محەمەد، و بەرحوشتر) هەن کە ڕووپێوییان بۆ کراوە و تەمەنی بەشێکیان لە 7000 ساڵ زیاترە.

سەبارەت بە شوێنەوارە مێژووییەکانی دیکە، بەڕێوەبەری شوێنەوار باسی لە ئەشکەوتی شانەدەر ( تەمەنی 60 تا 100 هەزار ساڵ) و قەڵاکانی هەولێر، خانزاد و دوین کرد، کە لە ژێر کارەکانی چاکسازیدان. هاوکات ئاشکراشی کرد کە هەڵمەتێکی فەرمیی بەڵگەدارکردن بۆ پاراستنی زیاتر لە 1000 مال و کۆڵانی کەلەپووری دەستی پێکردووە، هەروەها لە گەڕەکی (باغلو منارە) گۆڕستانێکی مێژوویی و پاشماوەی مرۆڤ و سکەی زیوینی کۆن دۆزراونەتەوە.

نادر بابەکر جەختی کردەوە، بەپێی سیاسەتی زانستی، شوێنەوارە تەواونەکراوەکان لەژێر زەویدا دەپارێزرێن تا کاتی دابینکردنی ئامێری هاوچەرخ، مەگەر بکەونە سەر ڕێڕەوی پڕۆژە خێراکان. سەبارەت بەمەش، ئاماژەی بە پڕۆژەیەکی مەیدانیی هاوبەش لەگەڵ زانکۆی سەلاحەدین کرد بۆ گەڕان و پشکنین لە ڕێڕەوی پڕۆژەی شەقامی 150 مەتری، وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕاگەیاندنی فەرمیی شوێنەوارەکانی ئەو ناوچەیە دوای تەواوکردنی پشکنینەکان.

باشووری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.