وەزارەتی دارایی لوبنان سەرلەبەری ئەو هەواڵ و دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە، کە باس لە هەبوونی پەیوەندی یان گفتوگۆی نهێنی لەنێوان وڵاتەکەی و عێراق دەکەن لەبارەی دۆسیەکانی گەندەڵی، و جەختی کردەوە کە زانیارییە بانکییەکان بە "ئارەزووی کەس" دابەش ناکرێن.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، وەزارەتی دارایی لوبنان لە ڕاگەیێندراوێکدا بڵاوکردەوە، ئەو هەواڵانەی لە هەندێک ماڵپەڕدا لەبارەی تێوەگلانی حکومەت و وەزیری دارایی لوبنان لە گفتوگۆی نھێنی لەگەڵ حکومەتی عێراق بڵاوکراونەتەوە، "دوورن لە ڕاستی و سەرلەبەریان هەڵبەستراون." وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە دا کە هەر داواکارییەک لەو چوارچێوەیەدا دەبێت تەنیا لە ڕێگەی نووسراوی فەرمی و کەناڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان هەردوو وڵاتەوە ئەنجام بدرێت.
سەبارەت بە دۆسیە بانکییەکانیش، وەزارەتەکە ڕوونی کردەوە کە هەرچەندە پەرلەمانی لوبنان یاسای هەڵگرتنی نهێنیی بانکەکانی پەسند کردووە، بەڵام دەستکەوتنی داتا تەنیا لە ڕێگەی دەسەڵاتی دادوەری یان لیژنەی لێکۆڵینەوەی تایبەت لە بانکی ناوەندیی لوبنانەوە دەبێت و زانیارییەکان بە ئارەزووی هیچ کەسێک دابەش ناکرێن.
حکومەتی عێراق هەوڵ و گوشارەکانی بۆ گەڕانەوەی داواکراوان و پارە تاڵانکراوەکان چڕ کردووەتەوە، پێشتر عەبدولزەهرە هینداوی، بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاندبوو کە کارێکی هاوبەش لەگەڵ ئینتەرپۆڵ و وڵاتانی دۆست بەڕێوەدەچێت و لەم بڕیارەدا هیچ پاشەکشەیەک نییە.