حەیدەر عەبودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند، عەلی زەیدی پێشنیازێکی بۆ مانەوەی بەشێک لە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە دوای 30ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕەتکردووەتەوە و جەختی کردەوە، گفتوگۆکان بەرەو کۆتاییهاتنی تەواوەتیی ئەم دۆسیەیە دەڕۆن و پەیوەندییەکان دەگۆڕدرێن بۆ هەماهەنگی هاوبەش.
ئەمڕۆ دووشەممە 31ی ئابی 2026، گوتەبێژی حکومەت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، لە مانگی ئەیلولدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بودجەی 2027 دەدات، کە بودجەیەکی جیاواز دەبێت و لەسەر بنەمای بەرنامە، کارایی و چۆنیەتیی خەرجکردنی پارە دادەڕێژرێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد،، حکومەت لە لێکۆڵینەوەدایە بۆ دیاریکردنی تێچووی دارایی بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان.
حەیدەر عەبودی ئاشکراشی کرد، عەلی زەیدی لە نیوەی یەکەمی مانگی ئەیلولدا سەردانی پاریس و بەرلین دەکات و دۆسیەی ئەمنی یەکێک دەبێت لە تەوەرە سەرەکییەکان.
سەبارەت بە خزمەتگوزارییەکانیش، ئاماژەی بەوە کرد، ڕۆژی سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیران ڕێکاری پێویست بۆ دابەشکردنی یەک ملیۆن پارچە زەوی دەگرێتەبەر، هاوکات بۆ مۆلیدە ئەهلییەکانیش بڕیار دراوە بۆ هەر کەی ڤییەک 35 لیتر گازوایل بە نرخی 400 دینار بۆ هەر لیترێک دابین بکرێت.