بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی، خۆراک و گومرگ لە سوریا بۆ زیاتر لە دووهێندە، باری ژیانی خەڵکی قورس کردووە و بازاڕەکانی تووشی وەستان کردووە، ئەگەرچی مووچەی فەرمانبەران هەر لە دەوروبەری 100 دۆلاردا ماوەتەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەوار، دوای ئەوەی حکوومەتی کاتیی سوریا دەستی بەسەر دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکاندا گرت، نرخی بەنزین، گاز و سووتەمەنییەکان چەندین ئەوەندە بەرز بووەوە، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر هەڵکشانی نرخی خۆراک و کرێی هاتوچۆ دروست کرد.
فرۆشیاران و هاووڵاتییان ئاماژە بەوە دەکەن کە بازاڕەکان تووشی پەککەوتن بوون و خێزانەکان ناچارن تەنها کڕینی پێداویستییە سەرەتاییەکان و دەرمان بکەن؛ تەنانەت هەندێک لە خۆراکە بنەڕەتییەکانی وەک گۆشت و برنج لە لیستی کڕینی بەشێکی زۆر لە خێزانەکاندا نەماون.
لە بەرانبەر ئەم شەپۆلە گرانبوونەدا، تێکڕای مووچەی فەرمانبەران و کارمەندان هەر لە نزیکەی 100 دۆلاردا ماوەتەوە و زۆر جار بەشی کەمتر لە هەفتەیەک دەکات.
ئەم بارودۆخە سەختە خێزانەکانی ناچار کردووە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خوێندن، نەخۆشخانە و خۆراک، پشت بە ناردنی یارمەتیی کەسوکارەکەیان لە دەرەوەی وڵات ببەستن یان پەنا بۆ قەرزکردن بەرن.