وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی بەپەلەدا هۆشداریی دایە هاووڵاتییان، کە بەهۆی ڕاگرتنی غازی کێڵگەی کۆرمۆرەوە، بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی بە بڕێکی زۆر کەمیکردووە.
ئەم ڕاگەیەندراوەی وەزارەتی کارەبا تەنها چەند کاتژمێرێک دوای بڕیارەکەی کۆمپانیای دانە گاز دێت بۆ ڕاگرتنی کاتیی کارەکانی لە کێڵگەی کۆرمۆر، ئەوەش بەهۆی دروستبوونی مەترسی و هەڕەشەی ئەمنی لە ناوچەکەدا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی کارەبا کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی تەممووزی 2026 بڵاوکراوەتەوە، بەهۆی ئەو گرفتە ئەمنییەی لە کێڵگەی کۆرمۆر دروستبووە، هەناردەکردنی غازی سروشتی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە تەواوی کەمبووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا دەڵێت: "بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستان بە بڕی 2500 مێگاوات کەمیکردووە، ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆ لەسەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان دروست دەکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئاگاداری هاوبەشانی کارەبا دەکەینەوە، کە ئەم حاڵەتە کاتییە و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵن بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنەوەی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا".