وەزیری پێشمەرگە لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگەدا ڕایگەیاند، هێزەکانی 70 و 80 خراونەتەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و لەمەودوا تەنها یەک فەرمان و یەک بڕیاردەر دەبێت.
لە ڕێوڕەسمێکی فەرمیدا سەبارەت بە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، بە هەموو جیهانی ڕاگەیاند که هێزەکانی پێشمەرگە یەکیان گرتەوە و هێزەکانی 70 و 80 دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە. ئاماژەی بەوەش کرد که بەم هەنگاوە بوونە خاوەنی سوپایەکی نیشتمانی کە تەنها یەک فەرمان و یەک بڕیاردەری دەبێت.
وەزیری پێشمەرگە باسی لەوەش کرد کە لە پرۆسەی یەکگرتنەوەی پێشمەرگەدا زەحمەتی زۆریان بینیوە و بەربەستەکانیان تێپەڕاندووە، جەختیشی کردەوە کە پێشمەرگە قەڵغانی ئاشتی و پێکەوەژیان و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرە.
لە گوتارەکەیدا، شۆڕش ئیسماعیل سوپاسی ڕۆڵی مەسعود بارزانی و بافڵ تاڵەبانی کرد بۆ ئەو متمانەیەی پێیان بەخشیوە، و داواشی کرد کە چیتر دەستکەوتی حزبی و کەسی نەبێتە گرفت بۆ پێشمەرگە.