لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ ئەوەی بتوانن پاڵپشتی لە مافی میدیاکاران بکەن، پێویستە سەرەتا خودی رۆژنامەنووسەکە سکاڵای فەرمی تۆمار بکات، ئینجا رێکارە یاساییەکان دەستپێدەکەن.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی میدیاکارەکە سکاڵای فەرمی تۆمار دەکات، سەندیکا تەواوی تێچوو و بەڕێوەبردنی دۆسیە یاساییەکان لە ئەستۆ دەگرێت.
جەختیش دەکەنەوە کە کاری پیشەیی و سەندیکایی لە هەرێمی کوردستاندا بەپێی یاسا و رێساکانی پەرلەمان رێکخراوە و پێویستە لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە بکرێت.
ئەم هەڵوێستەی لقی سلێمانیی سەندیکای رۆژنامەنووسان دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوودا لە کاتی وەڵامدانەوەی پرسیارێکدا، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وشەی نەشیاوی بەرامبەر رۆژنامەنووسێک بەکارهێنا؛ ئەوەش کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەشێک لە میدیاکاران داوای هەڵوێستی روونیان لە سەندیکاکە دەکرد.