تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا ماوەی دوو ساڵە بەڕێوەدەچێت و هەنگاوی گرنگیش نراون، بەڵام یاسای چوارچێوە تەنها سەرەتایەکە و چارەسەری کۆتایی نییە.
لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا، باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە بەهۆی سیاسەتی چەقبەستووی تورکیاوە، ئامادەکردن و ڕەوانەکردنی یاسای چوارچێوە بۆ پەرلەمان دواکەوتووە، جەختیشی کردەوە کە حزبەکەیان و عەبدوڵا ئۆجالان ئەم یاسایە بە چارەسەری کۆتایی نازانن.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە، هاوسەرۆکی دەم پارتی ئەوەی خستە ڕوو که بەڕێوەبردنی پڕۆسەکە لە ناو زینداندا لەلایەن ئۆجالانەوە مومکین نییە و داوای کرد کە ناوبراو سەرۆکایەتی لیژنەی چەکدانان و بەسیاسیکردن بکات.
لە کۆتایی لێدوانەکانیدا، باکرهان تیشکی خستە سەر ئەو دەقانەی کە لەژێر ناوی کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ئیمڕاڵی بڵاوکراونەتەوە و جەختی کردەوە که ئەو دەقانە دوورن لە ڕاستییەوە و تەنها بۆ لێدان و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی ئاشتی بڵاوکراونەتەوە.