تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی گشتیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە میانەی کۆنگرەی ڕێکخستنەکانی حیزبەکەی لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان، ڕایگەیاند کە ئەوان لەسەر بنەمای بەفەرمیشناساندنی مافی خوێندن بە زمانی دایکی و مافە دیموکراتیکەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتوون.
باکرهان لە وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر هەستیاری و گرنگیی قۆناغی ئێستا و ڕایگەیاند: «لەوانەیە زۆرکەس لە ئێستادا لە گرنگیی ئەم پڕۆسەیە تێنەگەن، بەڵام بێگومان لە قۆناغەکانی داهاتوودا درک بە گرنگیی ئەم پڕۆسەیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ناوچەکە دەکرێت.»
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختیکردەوە کە ئەوان لەسەر بنەمای بەفەرمیناساندنی زمانی کوردی، بەدەستهێنانی مافی هاووڵاتیبوونی یەکسان، پاراستنی کەلتوور و دابینکردنی ئازادیی ڕادەبڕین لەسەر مێزی گفتوگۆ دانیشتوون و دانوستاندنەکانیان لەو پێناوەدا بەردەوام دەبن.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی پڕۆسەکەش، باکرهان ئاماژەی بەوە کرد کە پڕۆسەی ئاشتی تا ئێستا زیاتر لەسەر بنەمای گواستنەوەی شەڕ و پێکدادان بووە بۆ سەر زەمینەیەکی یاسایی، و گوتی:
«هێشتا باسمان لە مافە دیموکراتیکەکانی کورد، ناسنامە و بەدەستهێنانی مافی خوێندن بە زمانی دایکی کە وەک شیر بۆمان حەڵاڵە نەکردووە، باسی ئەوەمان نەکردووە کە سەد ساڵە لەڕێگەی سیاسەتی نکۆڵیکردنەوە ڕێگری لە گەشەسەندنی ئابووریی ناوچەکانمان گیراوە.»
لە کۆتایی قسەکانیدا، تونجەر باکرهان ڕایگەیاند کە ئەگەر ئەم قۆناغە بە سەرکەوتوویی کۆتایی پێبێت، واتە دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی پڕۆسەکە، دەستەبەرکردنی سەرجەم مافە بنەڕەتییەکانی کورد ڕاستەوخۆ دەخرێتە بەر باس.