میدیاکانی نزیک لە دەم پارتی ئاشکرای دەکەن، ئەو پڕۆژەیاسایەی کە بڕیارە ئاکەپە سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی ئاراستەی پەرلەمانی تورکیا بکات، گۆڕانکاری بنەڕەتی بەسەردا هێنراوە و جیاوازە لەو دەقەی کە پێشتر لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان گفتوگۆی لەبارەوە کرابوو.
ئاژانسی هەواڵی میزۆپۆتامیا ڕاپۆرتێکی لەبارەی دواین پێشھاتەکانی تایبەت بە پڕۆژەیاسای پرۆسەی ئاشتی بڵاوکردووەتەوە، کە لەنێو کۆمەڵگەکەدا بە "یاسای چوارچێوە" ناسراوە و عەبدوڵا ئۆجالان وەک "یاسای بنەڕەتی" ناوی دەبات.
ئاژانسەکە لە چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوە کردووە، لە کۆبوونەوەکەی ۲۰ـی تەممووزدا کە لەنێوان شاندی ئیمراڵی و ئۆجالان بەڕێوەچوو، لایەنی سێیەم کە دەسەڵاتە بەشداریی تێدا کردووە.
لەو کۆبوونەوەیەدا لەسەر ناونیشانە سەرەکییەکانی پڕۆژەیاساکە سازان کرابوو، و بڕیار بوو ئەو بابەتانەی کۆدەنگی لەسەر دروستبوو بکرێنە پڕۆژەیاسا و بنێردرێنە پەرلەمان.
میزۆپۆتامیا بە پشتبەستن بە سەرچاوەکانی ڕایگەیاندووە، ئەو ماددانەی کە دەسەڵات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان باسی کردووە، لەڕووی چەمک و ماناوە جیاوازە لەو ڕێککەوتن و تێگەیشتنەی لە ئیمراڵی گفتوگۆی لەسەر کرابوو.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پارتی دەم بۆچوونی وایە، گۆڕینی ماددەکان بە شێوەیەکی تاکلایەنە و پێشکەشکردنی بە پەرلەمان وەک ئەمرێکی واقیع، زیانی گەورە بە ڕەوتی پرۆسەی ئاشتی دەگەیەنێت.
تاوەکو ئێستا ئاکەپە هیچ دەقێکی فەرمی بە ناوی پڕۆژەیاساکەوە نەداوە بە دەم پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، هەر بۆیە تاوەکو ئێستاش وردەکاری و ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی پڕۆژەیاساکە و ژمارەی ماددەکانی نادیارە.
ئەمە لە کاتێکدایە پێش دیداری ۲۰ـی تەممووز، بۆ ماوەی دوو مانگ هیچ دیدارێک لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام نەدرابوو.
ڕاپۆرتەکە دواکەوتنی ئەو دیدارە بۆ خەمساردی و سستیی ئاکەپە لە ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکە دەگەڕێنێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرا هەفتەی ڕابردوو پڕۆژەیاساکە بگاتە دەروازەکانی پەرلەمان، بەڵام تاوەکو ئەم ساتەش ئاکەپە ئەو هەنگاوەی نەناوە.
جێی باسە ڕۆژی ۳۰ـی تەممووز، بەڕیوەبەریی تەڤگەر، دەسەڵاتی ئاکەپەی بە ناجددی لە پرۆسەکەدا تۆمەتبار کرد.
بزووتنەوەکە هۆشداری دا کە ئەگەر پێگەی ئۆجەلان نادیدە بگیرێت و ڕاستەوخۆ پرۆسەکە بەڕێوەنەبات، جێبەجێکردنی ئەو یاسایە زەحمەت دەبێت، لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی ئابدا پەسەند بکرێت.