شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبوونەوەیەکی بەرهەمداریان ئەنجامداوە کە نزیکەی کاتژمێر و نیوێکی خایەندووە و دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکیان تاوتوێ کردووە و جەختیش لەسەر گرنگیی و بەردەوامیی پرۆسەکە کرایەوە.
شاندی ئیمڕاڵی لە راگەیەنراوێکدا دەڵێ، کە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە پەسەندکردنی یاسای پتەوکردنی یەکگرتنی نەتەوەیی و یەکپارچەیی کۆمەڵایەتی لە پەرلەمانی تورکیا مایەی خۆشحاڵییە.
ئاماژە بەوەش کراوە، گرنگیی ئەو قۆناغەی پرۆسەکەی پێگەیشتووە و هەنگاوەکانی داهاتوو بە شێوەیەکی دوولایەنە هەڵسەنگاندنیان بۆ کراوە، بە مەبەستی ڕەخساندنی کەشێک کە تێیدا دیموکراسی و باری سیاسی بەهێز بێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لە ئیرادەی هاوبەشی هەردوولا کراوەتەوە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەکە و ڕاگەیەندراوە کە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی پرۆسەکە لە پێناو بەرژەوەندیی هەموو تاکێکی وڵاتەکەمان بەرەو ئاشتی و دیموکراسی هەنگاو بنێت.