بوومەلەرزەیەکی بەهێز لە سنووری قەزای چەمچەماڵ ڕوویدا، گوڕی بوومەلەرزەکە لەنێوان 3.5 بۆ 3.9 پلەی ڕێختەربوو.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر یەک و 27 خولەک، بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 3.5 پلەی ڕێختەر لە چەمچەماڵ ڕوویدا و قووڵییەکەی 13 کیلۆمەتر بووە.
هەروەها، سەنتەری بومەلەرزەزانیی ئەورووپا و دەریای ناوەڕاست دەڵێ، بومەلەرزەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆی چەمچەماڵ 3.9 پلەی ڕێختەر بووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بوومەلەرزەکە دەنگێکی سامناکی هەبووە.
بەگوێرەی دیمەنەکان، بوومەلەرزەکە زیانێکی بە بەشێک لە ماڵەکان گەیاندووە بەشێوەیەک، ماڵوحاڵی هاوڵاتییانی شێواندووە و زیانی بە خانووەکانیان گەیاندووە.
لوقمان موفتی، شارەزای بوومەلەرزەزانی و کەشوهەوا، لە لێدوانێکدا بۆ نووچە تیڤی ڕایگەیاند، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 01:27ی بەرەبەیانی روویداوە. گوڕەکەی بە پێوەری ڕێختەر نزیکەی چوار پلە بووە و لە قووڵایی نزیکەی 11 کیلۆمەتر لە نێوان چەمچەماڵ و سەنگاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی تۆمار کراوە.
ئەو شارەزایە دەڵێت، بەهۆی جووڵەی بەردەوامی پلێتی عەرەبی بەرەو باکوور و بەریەککەوتنی لەگەڵ پلێتی ئۆراسیادا، شکانی چینەکانی ژێرزەوی یان چوونەژێریان ڕوو دەدات. بیستنی ئەو دەنگە بەهێزانەش پەیوەندی بە پێکدادان و شکانی کۆنکرێتی و بەردینی چینەکانی ژێرزەوییەوە هەیە.
بە شێوەیەکی گشتی بوومەلەرزە بچووکەکان ئەرێنیین چونکە هێزی پەستێنراوی ژێرزەوی خاڵی دەکەنەوە و ڕێگری لە بوومەلەرزەی گەورەتر دەکەن. بەڵام دووبارەبوونەوە و زۆربوونیان لە ماوەیەکی کورتدا (وەک ئەوەی لەم مانگەدا لە کەرکوک و دەوروبەری بینیومانە) دەکرێت ئاماژەیەک بێت بۆ جووڵەی زیاتری پلێتەکان.
لە ناوچە بیابانییەکاندا بە دەگمەن بوومەلەرزە ڕوو دەدات، بەڵام بەهۆی ئەوەی هەرێمی کوردستان و چیاکانی زاگرۆس دەکەونە سەر هێڵی بەریەککەوتنی پلێتەکان، بەردەوام ئەگەری ڕوودانی بوومەلەرزەیان تێدا بەرزترە.