شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی بەشداریکردن لە داڕشتنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ بۆ ساڵی 2027 و جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، گەیشتە شاری بەغدا.
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی ئەیلولی 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شاندەکە لە وەزیرانی دارایی و ئابووری، سامانە سرووشتییەکان، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و بریکاری وەزارەتی پلاندانان پێکهاتووە.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، بڕیارە شاندەکە زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ بباتە ڕێوە، کە سەرەتا لەگەڵ وەزارەتی دارایی و دواتریش لەگەڵ وەزارەتەکانی پلاندانان و نەوت دەبێت. ئامانجی سەردانەکە جێگیرکردنی تەرخانکراوی مووچە، پلە و میلاکی وەزیفی، بودجەی بەکاربردن، پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و دۆسیەی نەوتە لە ڕەشنووسی بودجەی ساڵی داهاتوودا.
ئەم سەردانە دوای ئەوە دێت، هەرێمی کوردستان لە کۆتاییەکانی مانگی ئابی ڕابردوودا پڕۆژەی پێشنیازکراوی پشکی هەرێمی کوردستانی بۆ بەغدا ناردبوو، کە تێیدا داوای دابینکردنی تەواوی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان، دەستپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوە، هاوتاکردنی مووچەی پێشمەرگە و خانەنشینان لەگەڵ بەغدا، و دابینکردنی خەرجییەکانی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان کراوە.