ڕاستەوخۆ

موستەفا قەرەسوو: چاوەڕێی ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەین بۆ دیاریکردنی هەڵوێستی کۆتایی

reset font size increase font size

لە چاوپێکەتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (مەدیا خەبەر تیڤی)، موستەفا قەرەسوو، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لەبارەی دوا پێشهاتەکانی پرۆسەی ئاشتی، دیداری ئەم دواییەی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان و پرسی یاسای چوارچێوە لە پەرلەمانی تورکیا، بەراورد و هەڵسەنگاندنی نوێی ڕاگەیاند.

قەرەسوو ئاماژەی بەوە کرد کە ئەنجام نەدانی دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ماوەی دوو مانگ دژی سرووشتی پرۆسەکە بووە و لە ناو بازنە جیاوازەکاندا پرسیار و نیگەرانی دروستکردبوو.

بەڵام ئەنجامدانی ئەم دیدارە پێنج سەعاتییەی دوایی دەریخست کە سەرەڕای ئاستەنگەکان، گفتوگۆکان بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکان بەردەوامن و ئاماژەیەک بوو بۆ هەوڵەکان لە پێناو بەردەوامییدان بە پرۆسەکە.

سەبارەت بە ناوەرۆکی دیدارەکە و ڕەشنووسی یاسای چوارچێوە کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بچێتە ڕۆژەڤی پەرلەمانی تورکیاوە، قەرەسوو ڕوونی کردەوە کە ئۆجالان جەختی لە دروستکردنەوەی خوشک-برایەتیی کورد و تورک کردووەتەوە لەسەر بنەمای مافە بنەڕەتییەکانی گەلی کورد.

هەروەها دەربارەی ڕەشنووسەکەش ئۆجالان ئاماژەی بەوە داوە کە سەرەڕای کەموکوڕییەکانی، دەکرێت وەک سەرەتایەک و دەروازەیەک سەیر بکرێت بۆ پێشخستنی هەنگاوەکانی داهاتوو.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەندامی کۆنسەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند کە ئەوان چاوەڕێی گەیشتنی دەقی تەواوی ڕەشنووسەکەن تاوەکو هەڵوێستی فەرمی و ڕوونی خۆیانی لەسەر دەرببڕن.

 ناوبراو ڕەخنەی لە بەکارهێنانی دەستەواژەی وەک "ڕێکخستنی تیرۆر" گرت و ئاماژەی بەوە کرد کە خەباتی چەکداری بەرامبەر تورکیا کۆتایی پێهاتووە، هەر کاتێکیش زەمینەی سیاسی و ئازادیی بڕیاردان ڕەخسا، ئامادەن بە تەواوی ببنە بەشێک لە تێکۆشانی سیاسیی دیموکراتیک.

لە کۆتاییدا قەرەسوو جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی پرۆسەکە تەنیا بە وەستان و چاوەڕوانی لەسەر هەنگاوەکانی دەوڵەت بەدەستنایەت، بەڵکو پێویستە هێزەکانی دیموکراسی و گەلی کورد بە هێزی ڕێکخراوەیی خۆیان بە بەهێزی لە مەیدانەکەدا بوەستن و پشتگیری لە پێشخستنی ڕێڕەوی ئاشتی بکەن.

 

Rezhna Sardar

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.