بەڕێوەبەریی تەڤگەر لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا هەڵسەنگاندنی وردی بۆ "یاسای چوارچێوە" کرد، کە چاوەڕوان دەکرێت لە پەرلەمان پەسەند بکرێت، و ڕایگەیاند که یاساکە چەندین هەڵە و کەموکوڕیی جددی تێدایە، و تەنیا بەو مەرجە دەتوانێت جێبەجێ بکرێت کە زمانی ئاشتی بکرێتە بنەما، پرۆسەکە لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە ببرێت، و بە یاسا دیموکراتییە نوێیەکان پشتگیری بکرێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە سەرەڕای تێپەڕبوونی یاساکە بە کۆمسیۆن و نزیکبوونەوەی لە پەسەندکردن لە پەرلەمان، بەڵام پشتگوێخستنی ناوی پرسی کورد و سنووردارکردنی تەنیا لە باسکردنی چەکداناندا، نیشانەی ئەوەیە کە کێشەکە بە شێوەیەکی هەمەلایەنە نەخراوەتە ڕوو و زمانی بەکارهاتوو لە ئاستێکی قبوڵنەکراودایە.
جەختی لەوە کردەوە کە سەرکەوتنی هەر پرۆسەیەک و جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاساکە، پەیوەستە بەوەی کە ڕێبەر ئاپۆ لە دۆخێکی ئازاددا بژی، کار بکات و وەک ڕێکخەری پرۆسەی ئاشتی و سیاسی سەرۆکایەتیی پرۆسەکە بکات، ئەگەرنا بە بێ بەشداری و سەرکردایەتیکردنی ڕێبەر ئاپۆ زۆرێک لە بڕگەکان جێبەجێ نابن.
هەروەها لە بابەتی دۆخی سیاسی و گەڕانەوەی گەریلاشدا، بزووتنەوەکە هۆشداری دا کە ئەگەر زەمینەی ئازادیی بیروڕا و سازماندان مسۆگەر نەکرێت، یاساکە ناتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت، و دەبێت ئەم هەنگاوە تەنیا وەک دەستپێکێک بۆ دەرکردنی یاسای تری دیموکراتیک سەیر بکرێت.