ڕوانگەی ئێکۆی عێراق ڕایگەیاند کە کۆی گشتیی ئەو پارە و ئاڵتونانەی لە چوارچێوەی هەڵمەتەکانی دەستگیرکردنی گەندەڵکاراندا دەستیان بەسەردا گیراوە، نزیکەی نیو تریلیۆن دینارە.
بەپێی ڕوانگەکە، کە ناوەندێکی چاودێریی ئابوری و داراییە، ئەو پارەیەی لە هەڵمەتەکاندا دەستی بەسەردا گیراوە ١٤١ ملیۆن دۆلار بووە، کە دەکاتە ٣٩٠ ملیار و ٨ ملیۆن دیناری عێراقی. هەروەها تەواوی ئەو ئاڵتونەی دەستی بەسەردا گیراوە نزیکەی نیو تۆنە و بەهای هەر گرامێکی بەگوێرەی بازاڕی عێراقی ١٨٥ هەزار دینارە، بەمەش کۆی گشتیی ئەو پارانەی تا ئێستا دەستیان بەسەردا گیراوە دەگاتە نزیکەی ٤٨٢ ملیار و ٦٠٠ ملیۆن دینار.
ڕوانگەی ئێکو دەڵێت، ئەو بڕە پارەیەی گەڕاوەتەوە خەزێنەی گشتیی دەوڵەت، زیاترە لە پارەی مووچەی مانگێکی وەزارەتەکانی گواستنەوە، ژینگە، کۆچ و کۆچبەران و نەوتی عێراق، و نیوەی کۆی پارەی مووچەی مانگێکی هەرێمی کوردستانە لە بودجهی فیدراڵیدا.