وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئوکرانیای تۆمەتبار کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەی لە دەریای قەزوێن و بە توندیش هێرشەکەی سەرکۆنە کرد.
لە ڕاگەیەندراوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند بەهۆی ئامانجگرتنی کەشتییەکی بازرگانیی وڵاتەکەیان لە دەریای قەزوێن لەلایەن ئوکرانیاوە، دەریاوانێک کوژراوە و دەریاوانێکی دیکەش بریندار بووە.
حکومەتی ئێران نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرامبەر ئەم ڕووداوە دەربڕی و هێرشەکەی بە كردەوەیەکی دوژمنکارانە وەسف کرد.
هاوکات لە سەرپێچییەکی دیپلۆماسیدا، وەزارەتی دەرەوەی ئێران کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئوکرانیای لە تاران بانگهێشت کرد بۆ ئەوەی یاداشتی ناڕەزایەتیی فەرمیی وڵاتەکەی پێ بگەڕێنێتەوە.
پێش دەربڕینی ئەم ناڕەزایەتییانەی تاران، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئوکرانیا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی X ستایشی هێرشەکەی سوپای وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند، هێزەکانیان بە سەرکەوتوویی هێرشێکی دوورمەودایان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی لە دەریای قەزوێن کە چەک و تەقەمەنی بۆ ڕووسیا دەگواستەوە.