لە ئیزمیر منداڵێکی ١٦ ساڵان بەهۆی بەشدایکردنی لە هەڵمەتی کەزی و بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی خۆی لە کاتی قژ هۆنینەوە، بە تۆمەتی "پروپاگەندەی ڕێکخراوی تیرۆریستی" دەستگیرکرا و ڕەوانەی زیندانی داخراوی نەوجەوانانی "شاکران" کرا.
گوڵستان کۆچیغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئەکاونتی فەرمی خۆی لە تۆڕیX ڕایگەیاند: لە ئیزمیر منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لەبەر هۆنینەوەی قژی و نیشاندانی ناڕەزایەتییەکی دیموکراسیانە لە سۆشیال میدیا دەسگیرکراوە.
دەشڵێ، ئەوانەی دەیانەوێت ئەشکەنجەدانی ژنان بە نەبینراو لە قەڵەم بدەن تەنانەت لە ئاشتیخوازانەترین ناڕەزایەتییەکان دەترسن، ئەمە سیاسەتێکی ڕوونی تۆقاندنە و هەرگیز ئێمە کڕنۆش بۆ ئەم تۆقاندنە نابەین.
هەروەها ئەدهەم کوروش پارێزەر ڕایگەیاند: بێبەشکردنی خوێندکارێک لە ئازادی تاکەکەسی خۆی بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ لە سۆشیال میدیا دەستوەردانێکی توندی یاسایە.