حکومەتی عێراق بە فەرمی هەنگاوە سەرەتاییەکانی بۆ داڕشتنی ڕەشنووسی یاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 دەستپێکرد.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ڕاوێژکارێکی باڵای سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ڕەشنووسەکە لەسەر بنەمای دیدگایەکی ئابووریی نوێ دادەڕێژرێت و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا کارەکانی کۆتایی پێدێت.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ڕۆژنامەی فەرمیی "سەباح" ڕایگەیاند: "حکومەت لەم مانگەوە بە فەرمی دەستی بە پڕۆسەی ئامادەکردنی ڕەشنووسی بودجەی گشتی بۆ ساڵی 2027 کردووە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، بودجەی داهاتوو جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو، پشت بە دیدێکی ئابووریی نوێ دەبەستێت، کە تێیدا گرنگییەکی پێشەنگ بە هاندانی وەبەرهێنانی دەرەکی و ناوخۆیی دەدرێت، هاوکات کار بۆ بەهێزکردن و چالاککردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت دەکرێت لە گەشەی ئابووریی وڵاتدا.
سەبارەت بە خشتەی کاتیی پڕۆسەکە، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆکوەزیران ڕوونی کردەوە، کە پێشبینی دەکەن کارەکانی داڕشتن و وردبینیکردنی ڕەشنووسەکە لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵدا بەتەواوی کۆتایی پێبێت.
دوای تەواوبوونی لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە، ڕەشنووسی یاساکە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بە مەبەستی گفتوگۆکردنی کۆتایی و پەسەندکردنی، تاوەکو دواتربەپێی ڕێکارە دەستوورییەکان ئاڕاستەی پەرلەمانی عێراق بکرێت بە مەبەستی خوێندنەوە و دەنگدان لەسەری.