شەپۆڵێکی ناڕەزایەتیی لە شارە جیاجیاکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوامیی هەیە، لە نوێترین پێشهاتیشدا، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە تاران بە توندی هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی هاووڵاتیان، هاوکات خانەنشینانیش لە سنە و کارمەندانی تەندروستی لە نیشابوور ڕژانە سەر شەقامەکان.
ئەمڕۆ دووشەممە 13ی تەممووزی 2026، بۆ دووەمین ڕۆژی بەردەوام، ژمارەیەکی زۆر لە خانەنشینانی سێ کۆمپانیای گەورەی وەبەرهێنان و نیشتەجێبوون بە ناوەکانی «ئەعیان»، «ئەلیال» و «مومتاز» لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا بۆ داواکردنی سەرمایە و مافە داراییە دزراوەکانیان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ئەم کۆبوونەوە هێمنانەیە بە توندی لەلایەن هێزەکانی پۆلیس و تێکتەراندنی کۆماری ئیسلامییەوە سەرکوت کراوە. خۆپیشاندەران و شایەتحاڵەکان پشتڕاستیان کردووەتەوە، هێزە ئەمنییەکان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندانەکە، باتۆم و گازی فرمێسکڕێژیان بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی گرژی و پێکدادانی توند لە نێوان هەردوولادا.
لەلایەکی دیکەوە و لە درێژەی خۆپیشاندانی خانەنشینانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، ژمارەیەکی بەرچاو لە خانەنشینانی کۆمپانیایەکی پارێزگای سنە هاتوونەتە سەر شەقام.
خۆپیشاندەرانی سنە لە گربوونەوەکەیاندا بە توندی سەرکۆنەی خراپیی دۆخی بژێوی، موچە دواخراوەکانیان و دەستوەردانی بنکەی هەرەوەزیی سوپای پاسدارانیان کرد لە پشکەکانیاندا. خۆپیشاندەران ئاماژەیان بە داڕمانی هێزی کڕین و کێشە ئابوورییەکانیان کرد و داوای چارەسەری دەستبەجێی کێشەکانیان کرد.
ئەمڕۆ دووشەممە، فەرمانبەران و کارمەندانی ناوەندەکانی خزمەتگوزاریی تەندروستیی شار و گوندەکانی سەر بە زانکۆی زانستی پزیشکیی شاری "نیشابوور" لە پارێزگای خۆراسانی ڕەزەوی، لە بەردەم بنکەی سەرەکیی زانکۆکەدا گردبوونەوە.
کارمەندانی تەندروستی بەهۆی جێبەجێ نەکردنی داواکارییە پیشەییەکانیان، دواکەوتنی مووچەکانیان بۆ چەندین مانگ و شێوازی نادادی لە پارەداندا ناڕەزایەتییان دەربڕی و داوای چاکسازیی ڕیشەییان لە سیستمی تەندروستی و دارایی وڵاتەکەدا کرد.