ڕاستەوخۆ

پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراندنی پلاتفۆڕمێکی هاوبەشیان ڕاگەیاند

reset font size increase font size

پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان - ژینا وەک چەترێکی مەدەنی و نەتەوەیی بۆ یەکخستنی تێکۆشانی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پێناو ئازادی و یەکسانی و دەستەبەرکردنی مافە ڕەواکانیان ڕاگەیەندرا.

پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە بریتین لە نینا، ئاسۆی ژنی کورد، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەبات، یەکێتی ژنانی دیموکرات و کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کژار)، دوای چەندین مانگ کۆبوونەوە، دامەزراندنی "پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا"یان ڕاگەیاند.

ئەم پلاتفۆرمە ئامانجی سەرەکیی خۆی لە یەکخستنی ئیرادەی نەتەوەیی ژنان، بەهێزکردنی پێگەیان لە کۆمەڵگە و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەمی سیستماتیکی دژی ژنان دەبینێتەوە.

ڕاگەیەندراوەکە جەخت دەکاتەوە، ئازادی نیشتمان بێ ئازادی ژن وەدی نایەت و ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک هێزێکی بزوێنەری گۆڕانکاری و پێشەنگی ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕۆڵی گرنگیان گێڕاوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ژنانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی ستەمێکی دوولایەنەی نەتەوەیی و یاسایی کۆنەپەرستانەن.

پلاتفۆرمەکە وەک پارێزەری شکۆ و مافەکانی ژنان کار دەکات و داوا لە هەموو ژنانی نیشتمان دەکات جیاوازییەکان وەلا بنێن و وەک یەک دەنگ لە دەوری ئەم پلاتفۆرمە کۆببنەوە.

ئەم هەنگاوە بە مەبەستی دەوڵەمەندکردنی خەباتی مەدەنی و سیاسی و بەرەنگاربوونەوەی ئەو ستەمە مێژووییەیە کە بەرانبەر ژنی کورد دەکرێت.

 

دەقی ڕاگەیەنراوەکە بەمشێوەیە؛

ڕاگەیاندراوی ڕاگەیاندنی پلاتفۆڕمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا

 

بۆ ئازادیی_یەکسانی_مافە ڕەواکانی ژنان.

بۆ هەموو ژنانی ئازادیخوازی کوردستان!

 تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و یەکسانی!

 

 لە سەت ساڵی ڕابردوودا خەباتی نەتەوەی کورد بۆ ڕزگاریی، بەردەوام و بێپسانەوەیە و بەو ڕۆڵەی ژن تێیدا گێڕاویەتی سەلماندوویەتی کە  ئازادیی نیشتمان بێ ئازادیی ژن وەدی نایەت و ژنی کوردیش تەنیا لە چوارچێوەی وڵاتی خۆیدا و دوور لە داگیرکاری و عەقلییەتی پیاو سالاری و دەسەڵات و نەریتە سەپێندراوەکان، دەگاتە مافە ڕەواکانی و هاوکات پارێزەری ڕاستەقینەی ماف و ئازادییەکانیشی دەبێت.

ژنی کورد بە درێژایی مێژوو، نەک هەر  بەشێک بووە لە ناسنامە و خەباتی نەتەوەیی بەڵکوو، ڕوحی ڕاپەرینیش بووە و پێشەنگایەتی و قورسایی ئەو خەباتەی خستۆتە سەرشانی خۆی، لە سەردەمی نوێی دا لووتکەی پێشەنگایەتی ژنان لە ڕاپەرینی(ژینا) ژن_ژیان_ئازادیی دەستی پێکرد کە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەرانسەر جوغرافیای ئێرانی گرتەوە، ئەو قۆناغە وێنەی (ژنی وەک، قوربانی) گۆڕی بۆ (ژن وەک بزوێنەری گۆڕانکاری). ژنان نەک هەر وەک داواکار، بەڵکوو وەک ڕێبەر و داڕێژەری نەخشەی داهاتوو دەرکەوتن، ئەمەش وایکرد جیهان بە چاوێکی سیاسیی قووڵترەوە سەیری تواناکانی ژن بکات لە بەڕێوەبردنی قەیرانە گەورەکاندا.

ژنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان قوربانیی زوڵم و ستەمێکی دوو لایەنەیە. لە لایەکەوە وەک کورد مافە نەتەوەییەکانی لێ زەوت کراوە و لە لایەکی تریشەوە وەک ژن لەژێر یاسا کۆنەپەرستەکاندا دەچەوسێندرێتەوە.

ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان " ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان_ نینا،  ئاسۆی ژنی کورد_ ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە، ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_کەژار

دوای چەندین مانگ و کۆبوونەوە بە شێوەی ئامادە بوون و ئۆنلاین، بە پێویستمان زانی کە بە تێگەیشتن لە پێویستیی یەکڕیزی و کاری پێکەوەیی،  پلاتفۆرمی  ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا وەک چەترێکی مەدەنی_نەتەوەیی  و پارێزەر و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی شکۆ، ئازادیی، یەکسانی و مافی ژنان ڕابگەیەنین.

 ئەم پلاتفۆرمە گرێدراویی خەباتی نەتەوەیی و تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بەهێزتر دەکات و  بەرەنگاری ئەم ستەمە مێژووییە دەبێتەوە کە دژی "ژنی کورد"هەیە.

ئامانجە سەرەکییەکانی پڵاتفۆرمی ژینا  خۆی لە یەکخستنی ئیرادەی نەتەوەیی ژنان و بە هێز کردنی جێگەو پێگەی ژن لە نێو کۆمەڵگە، ڕووبەرووبوونەوەی داگیرکەر و ستەمی سیستماتیکی دژی ژنان، دەوڵەمەند کردنی خەباتی مەدەنی_ سیاسیی ژنان دەبینێتەوە.

پلاتفۆرمی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان_ژینا داوا لە هەموو ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات، وێڕای پێداگریی و داکۆکییەکانتان  لەسەر مافە ڕەواکانیان، لە دەوری ئەم پلاتفۆرمە کۆببنەوە.

  کاتی ئەوە هاتووە ژنانی نیشتمان، جیاوازییەکان وەلا بنێن و وەک یەک دەنگ و یەک ئیرادە، لە پێناو شکۆی نەتەوەیی و مافەکانیاندا بوەستنەوە.

١٠ گوڵانی ١٤٠٥

٣٠ ئاپریلی ٢٠٢٦

 

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.