ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان، لە ڕاپۆرتێکی نوێ و هۆشدارکەرەوەدا، ئامارێکی مەترسیداری سەبارەت بە زیادبوونی ڕێژەی دەستدرێژی سێکسی بەهۆی شەڕ و ململانێ چەکدارییەکانەوە لە جیهاندا بڵاوکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە توندوتیژیی زایەندەیی پەیوەندیدار بە شەڕ، لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوازێکی زۆر خێرا ڕووی لە هەڵکشان کردووە.
ئامارە فەرمییەکان نیشان دەدەن کە تەنیا لە ساڵی 2025ـدا، لانی کەم 9 هەزار و 788 حاڵەتی سەلمێندراوی دەستدرێژی سێکسی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە تۆمارکراوە؛ ئەم ژمارەیەش بە بەراورد بە ساڵی 2024 گەشەکردنێکی دوو هێندەی بەخۆیەوە بینیوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەش کردووە، بەهۆی مەترسییە ئەمنییە بەردەوامەکان، ترسی قوربانییان لە ناوزڕانی کۆمەڵایەتی و سزای کۆمەڵگە، پرۆسەی دۆکیۆمێنتکردن و تۆمارکردنی ئەم تاوانانە لە ناوچە شێواوەکاندا زۆر سەخت بووە.
هاوکات، سیستمی دادوەری و دادگاکانیش لە کاتی شەڕ و ململانێکاندا تەواو پەکیان کەوتووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی تێوەگلاوانی ئەم تاوانانە لە سزا ڕزگاریان بێت.
ڕاپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر ئامارەکانی ئەمساڵ (2026) و دەڵێت، ژمارەی ئەو ژنانەی بەهۆی کاریگەرییەکانی دەستدرێژی سێکسییەوە پێویستیان بە پاڵپشتیی بەپەلە هەیە، چوار هێندە بووە و گەیشتووەتە 12 ملیۆن و 400 هەزار کەس. بەگوێرەی بەدواداچوونەکان، زۆربەی ئەو ژنانە لەسەر بنەمای ناسنامەی نەتەوەیی یان لایەنگریی سیاسی کراونەتە ئامانج.
لە کۆتاییدا، ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ هۆشداریی توند دەدەن لەوەی کە ئەم جۆرە توندوتیژییە سیستەماتیکییە، وەک "چەکێکی شەڕ" لە دژی مەدەنییەکان بەکاردێت و ڕاستەوخۆ جەستەی ژنان دەکاتە ئامانجی سەرکوتکردن، ئەمەش شکۆ و کەرامەتی مرۆیی خستووەتە ژێر مەترسییەکی قووڵ و گەورەوە.