ڕاستەوخۆ

جەنگی چەمکەکان؛ کاتێک میدیا دەبێتە چەکی شێواندنی ڕاستی

reset font size increase font size

نوسینی/ ئازاد عەلی

 

لە سەردەمی ئاڵۆزیی زانیارییەکاندا، پرۆسەی گەیاندن لە ئەرکە ڕەسەنەکەی کە هۆشیارکردنەوەیە لایداوە و بووەتە ئامرازێک بۆ بەتاڵکردنەوەی چەمکەکان لە واتا. میدیای ئاراستەکراو لە ڕێگەی تەکنیکی پەراوێزخستنی کۆنتێکست، نەک تەنها ڕاستییەکان دەشێوێنێت، بەڵکو ژیریی کۆمەڵگە و ئیرادەی گشتی بەرەو جەمسەرگیرییەکی مەترسیدار دەبات.

لە زانستی راگەیاندنی ئازاددا، گەورەترین مەترسیی بریتییە لە تەڵەی زمانەوانی. ئەمە کاتێک ڕوودەدات کە دەست و تاقمە سێبەرەکانی پشت میدیا، وشە و چەمکەکان لە ڕەگ و ڕیشە کۆمەڵایەتییەکەیان دادەبڕن و وەک وێناکردنی دەسەڵات نیشانی دەدەن.

ئەم چەواشەکارییەی میدیا مێژوویەکی تاڵی هەیە و وەک چەکێکی سیاسی بۆ تێکشکاندنی بزووتنەوە مەدەنییەکان بەکارهاتووە. ئەم شێوازە دەبێتە هۆی دروستکردنی دووبەرەکی و جەمسەرگیری لەنێو کۆمەڵگە و وا لە تاک دەکات، لە جیاتی گەیشتن بە ڕاستییەکان، تەنها بە "بەڵێ یان نا" ڕووبەڕووی ڕووداوەکان ببێتەوە.

ئەم دیاردەیە لە مێژووی جیهاندا زیانی زۆری گەیاندووە. لە ساڵانی شەستەکاندا میدیا دژبەرەکان قسەکانی مارتن لوتەر کینگیان بە جۆرێک پارچەپارچە دەکرد کە وەک "هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی" نیشانی بدەن نەک وەک داواکارییەکی ڕەوا. ئەمەش دەبووە هۆی دروستبوونی ڕق و توندوتیژی لەنێو کۆمەڵگەدا.

هاوشێوەی ئەمە، لە ئەفریقای باشوریش میدیای ڕژێمی ئەپارتاید پەیامەکانی نێلسۆن ماندێلایان بۆ ئازادی و یەکسانی دەشێواند و وەک هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و هاندانی تیرۆر وێنایان دەکرد، بۆ ئەوەی ڕای گشتی لە دژی بوەستێننەوە و پشتیوانیی جەماوەریی لێ زەوت بکەن.

لە میدیای کوردیشدا ئەم چەواشەکارییە بە ڕوونی دەبینرێت. کاتێک عەبدوڵڵا ئۆجالان لە پەیامەکانی و بەتایبەت لە پرۆسەی ئاشتی‌دا باس لە چەمکەکانی وەک "کۆمار" یان "ئەنتەگراسیۆن-یەکگرتن" دەکات، جگە لە ئاماژە بەوەی کە ئەمانە نرخ و بەرهەمێکی کۆمەڵایەتیین، کار بۆ ئەوە دەکات بەهاکانیان بە خەسڵەتی دیموکراتیک بەهادارتر بکات.

کۆمار و ئەنتەگراسیۆن-یەکگرتن لە بنەڕەتدا دوو بەرهەمی ژیریی کۆمەڵگە بۆ ڕێکخستنی ژیانن. چەمکی کۆمار بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری گشتی و دابەشکردنی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ئیرادەی گەل و، ئەنتەگراسیۆنیش وەک پڕۆسەیەکی سروشتیی بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و پاراستنی ناسنامە جیاوازەکان لەنێو قەوارەیەکی بەهێزدا هاتۆتە کایەوە.

بەڵام لە ڕوانگەی دەسەڵات و حکومەتەوە، ئەم دوو چەمکە لە بەرهەمێکی کۆمەڵایەتییەوە دەگۆڕدرێن بۆ ئامرازی سیاسی؛ بە جۆرێک کە کۆمار بۆ چەسپاندنی سەروەری و شەرعییەت وەرگرتن و ئەنتەگراسیۆنیش وەک پڕۆسەیەکی ئەمنی و ڕێکخستنەوەی ناسنامە بۆ سڕینەوەی جیاوازییەکان بەکاردەهێنێت.

بەڵام کاتێک میدیای چەواشەکار ئەم مانا قوڵانە لە جەوهەرە نیشتمانی و کۆمەڵایەتییەکەیان دادەبڕێت و تەنها وەک ئامرازی دەسەڵات یان تەڵەی سیاسی وێنایان دەکات، دەبێتە هۆی شێواندنی ڕاستییەکان و تێکشکاندنی ئیرادەی کۆمەڵگە لەبەردەم پڕۆژە ستراتیژییەکاندا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.