پەیمانگای (کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی کەنداو)ی ئەمریکی رایگەیاند، نەبوونی دۆسیەی عێراق لەو دانوستانە ئەمریکی ــ ئێرانیییانەی، کە بە ناوبژیوانیی قەتەر و پاکستان بەڕێوەچوون، رەنگدانەوەی راستییەکە، کە دەیسەلمێنێت هەژموونی تاران لە بەغدا پشت بە فاکتەرە سیاسی، جوگرافی و کۆمەڵایەتییەکان دەبەستێت، کە هیچ جۆرە دانوستانێک ناتوانێت گۆڕانکارییان تێدا بکات.
بە گوێرەی راپۆرتێکی پەیمانگاکە، کە ئاژانسی "شەفەق نیوز" بڵاوی کردووەتەوە، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران بە ناوبژیوانیی قەتەر و پاکستان گەڕانەوە سەر مێزی دانوستان، عێراق بە شێوەیەکی بەرچاو ئامادەیی بوو، نە خۆی لایەنێک بوو لە گفتوگۆکان و نە هیچ کام لەو دۆسیانە بوو، کە ئێران دانوستانی لەسەر دەکردن.
راپۆرتەکە روونیکردووەتەوە، کە ئێران فشاری بۆ رێککەوتنی ئاگربەست لە چەندین بەرەی جیاوازدا کردووە، لەوانەش لە لوبنان، بەڵام بە روونی رەتیکردووەتەوە بابەتی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بهێنێتە بەرباس، کە بە یەکێک لە گرنگترین ئامرازەکانی تۆڕی هەرێمایەتیی ئێران دادەنرێن.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە پشتگوێخستنی عێراق لەوانەیە ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی چەواشەکارانە، کە گوایە ئێران بە بێدەنگی رۆڵێکی بچووکتر لە عێراق قبووڵ دەکات، بەڵام راستییەکە پێچەوانەیە. بێدەنگیی ئێران دەری دەخات، کە پێگەی ئەو وڵاتە لە عێراقدا لەسەر بنەمای پەیوەندیگەلێک داڕێژراوە، کە لەولای هەر گرووپێکی چەکدار یان دۆسیەیەکی سیاسیی دیاریکراوەوەیە.
بە پێچەوانەی دۆخی لوبنان، کە دەکرێت وەک بکەرێکی سەربازیی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ حزبوڵا بکرێت، هژموونی ئێران لە عێراق رەگی لە تێکەڵەیەک لە سنووری هاوبەش، پەیوەندیی قوڵی ئایینی، تایفی و بازرگانییەکان و چینێکی سیاسی دا چەقاندووە، کە بەدرێژایی چەندین دەیە دروستبووە. چاوپۆشینی ئێران لە بەرگریکردن لە گرووپەکانی لە کاتی دانوستاندا، بەواتای دەستبەرداربوون لێیان نایەت، بەڵکو دەیسەلمێنێت پێگەی ئێران لە عێراق لەسەرجەم چوارچێوە چەکدارییەکان گەورەترە.
پەیمانگا ئەمریکییەکە باسی لەوەش کردووە، ئەمریکا پرسی چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانی کردووەتە داواکارییەکی سەرەکی لە حکومەتی نوێی عێراق. ئەم هەژموونە ئەمریکییە لە کاتی بنبەستی پێکهێنانی حکومەتدا دەرکەوت، وەک پاشەکشەکردنی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر لە خۆکاندیدکردن و پاشان پشتگیریکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کاندیدکردنی عەلی زەیدی.
لە لایەکی دیکەوە، ئێران و گرووپە چەکدارەکان درک بە سنووری رووبەڕووبوونەوە ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا دەکەن، بە تایبەت لە کاتی توندبوونی فشارە دارایی و سیاسییەکانی ئەمریکا لەسەر عێراق، هەر بۆیە چەندین گرووپی چەکدار، لانیکەم لە رووی گوتارەوە، بەرەو چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە هەنگاویان ناوە، هەرچەندە میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو هەنگاوە بە ئەنقەست بە ناڕوونی هێڵدراوەتەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، نابێت کەمبوونەوەی چالاکیی سەربازیی گرووپەکان بە لاوازبوونی پێگەی ئێران لێکبدرێتەوە، بەڵکو ئەمە رێگە خۆش دەکات بۆ پەرەسەندنی پەیوەندییەکە لە چالاکیی چەکدارییەوە بۆ پێگەیەکی بەردەوامتر، کە پشت بە رێکخراوە سیاسییەکان و هەژموونی دامەزراوەیی دەبەستێت. تەنانەت ئەگەر ئەم گرووپانە رەفتاری خۆیان بگۆڕن یان بە فەرمی هەڵبوەشێنەوە، باڵە سیاسییەکانیان وەک بەشێک لە نەخشەی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەمێننەوە، ئەمەش وایکردووە نفوزی تاران ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی عێراقدا، کە هەڵوەشاندنەوەی لە لایەن ئەمریکاوە زۆر ئەستەم و ئاڵۆز دەکات.