ڕاستەوخۆ

وێستگەکانی گەشتی 100 ساڵەی زمانی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان

reset font size increase font size

لەگەڵ تێپەڕبوونی نزیکەی سەدەیەک بەسەر خەباتی بەردەوامی کوردان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ پاراستنی ناسنامە و زمانی نەتەوەیی، ئێستا پرسی زمان پێی ناوەتە قۆناغێکی هەستیار و یەکلاکەرەوە.

لە دوای شۆڕشی 19ی تەممووزەوە، زمانی کوردی لە قۆناغی بەرگری و فێربوونی ژێرزەمینییەوە، گوازرایەوە بۆ قۆناغی بە دامەزراوەییکردن و پەروەردەی فەرمی. لە ئێستاشدا، لە سێبەری ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمدا، هەوڵە دیپلۆماسییەکان چڕ بوونەتەوە بۆ ئەوەی ئەم مافە لە چوارچێوەی دەستووری داهاتووی سووریادا جێگیر بکرێت.

لە داواکاریی یاساییەوە بۆ میراتی 'هاوار'

گۆڕەپانی سیاسیی سووریا لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە، گەواهی ململانێیەکی قووڵی کولتووری و نەتەوەیی بووە. کاتێک کوردستان دابەش کرا و ڕۆژئاوا وەک بچووکترین پارچە لکێندرا بە سووریاوە، ستراتیژیی جووڵانەوەی کوردی لەو ناوچەیە، زیاتر لەسەر پاراستنی زمان و کولتوور چڕ بووەوە.

لە ڕووی مێژووییەوە، یەکەمین هەنگاوی فەرمی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1928، کاتێک نوێنەرانی کورد، بۆ خوێندن بە زمانی کوردی و ناساندنی وەک زمانێکی فەرمی، داواکاریی فەرمییان پێشکەش بە ئەنجوومەنی دامەزرێنەری سووریا (لە سەردەمی ئینتیدابی فەرەنسا) کرد. ڕەتکردنەوەی ئەم داواکارییە لەلایەن هێزە عەرەبییەکانەوە، بزووتنەوەی کوردی بەرەو قۆناغێکی نوێ ئاراستە کرد، کە لە 15ی ئایاری 1932 بە دەرکردنی گۆڤاری 'هاوار' لە دیمەشق لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخانـەوە دەرکەوت.

ڕێکەوتی دەرکردنی گۆڤار، کە دواتر لەلایەن کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لە ساڵی 2006 وەک (جەژنی زمانی کوردی) دیاری کرا، تەنیا دەرکردنی گۆڤارێک نەبوو، بەڵکوو ڕاگەیاندنی مانيفێستۆیەکی سیاسی و کولتووری بوو بە پیتەکانی لاتینی، کە بناغەی تێکۆشانی زمانەوانی بۆ ساڵانی دواتر داڕشت.

سەردەمی بەعس و تەعریب

بە گرتنەدەستی دەسەڵات لەلایەن بەعسی سووریەوە لە 8ی ئاداری 1963، قۆناغێکی نوێ لە توانەوەی نەتەوەیی و سیاسەتی نکۆڵیکردن دەستی پێکرد. جێبەجێکردنی پڕۆژەی گۆڕینی دیمۆگرافی ناسراو بە (پشتێنەی عەرەبی) لە ساڵی 1974، نەک تەنیا زەبری لە پێکهاتەی کۆمەڵایەتی دا، بەڵکوو فشارێکی گەورەی خستە سەر ئاخێوەرانی زمانی کوردی.

سەرەڕای ئەم هەلومەرجە ئەمنییە توندە، خەباتی زمان لەلایەن دەستەبژێری ڕۆشنبیر و سیاسییەوە (وەک عوسمان سەبری، نوورەدین زازا، و جگەرخوێن) نەوەستا. ئەم قۆناغە، کە سەرکوت کردنی گەلی کورد بوو، بووە هۆی دروستبوونی تۆڕێکی فراوانی فێرکاریی نهێنی لە گوند و شارەکاندا، کە دواتر بوونە ژێرخانی سەرەکیی شۆڕشی پەروەردەیی ڕۆژئاوا.

بەدامەزراوەییکردنی زمان لە پاش 2012

بۆشایی ئەمنی و سیاسیی سووریا لە پاش ساڵی 2011، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کوردانی ڕۆژئاوا ڕەخساند، تا سیستەمێکی پەروەردەیی سەربەخۆ دابمەزرێنن. دەزگای زمانی کوردی (سەزەکە)، کە لە ساڵی 2010 بە نهێنی لە حەلەب دەست بە کار بوو، لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی 19ی تەممووزی 2012دا، پرۆسەی خوێندنی کوردی لە سەرتاسەری شارەکانی ڕۆژئاوا (لە عەفرینەوە تا دێرک)، کردە کارێکی فەرمی و ئاشکرا.

ئەم هەنگاوە، تەنیا کردنەوەی چەند خولێکی زمان نەبوو، بەڵکوو پرۆسەیەکی خێرای دامەزراوەیی بوو، کە لە سێیەمین کۆنفرانسی عامودێ، لە ئایاری 2012دا، بە دامەزراندنی (یەکێتیی مامۆستایان) و دواتر لە 2013 بە دروستکردنی دەستەی پڕۆگرامەکانی خوێندنی ناسراو بە (مەناهج)، گەیشتە ئاستی ئامادەکردنی پرۆگرامی زانستی و وێژەیی بە زمانی کوردی. لە ڕووی یاساییشەوە، ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەریی خۆسەری دیموکراتیک لە 2014 و پەسەندکردنی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی، زمانی کوردی شانبەشانی عەرەبی و سریانی کردە زمانێکی فەرمیی دانپێدانراو.

شەڕی دیپلۆماسی بۆ مسۆگەریی دەستووری

ئێستا، پرسی زمانی کوردی قۆناغی پەروەردەی کردەیی تێپەڕاندووە و بووەتە کاکڵەی دانوستانە سیاسییەکان. لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی 29ی کانوونی دووەم و ئەو گفتوگۆیانەی لە نێوان شاندەکانی ڕۆژئاوا و حکوومەتی دیمەشقدا بەڕێوە دەچن، داواکارییە بنەڕەتییەکان فۆرمێکی دەستوورییان وەرگرتووە.

دۆسیەی سەر مێزی دانوستانەکان چەند تەوەرێکی هەستیار لەخۆ دەگرێت، لەوانە: بەفەرمیکردنی زمانی کوردی لە سەرتاسەری وڵات. داننان بە پەروەردەی کوردی، لە چوارچێوەی سیستەمی خوێندنی گشتیدا. گەڕاندنەوەی ناوە ڕەسەنە کوردییەکان بۆ شار، گوند و دامەزراوەکان.

ئەگەرچی ململانێ دیپلۆماسییەکانی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق هێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆتایی و واژۆکراو، بەڵام ئەم سەدەیەی تێکۆشان بۆ زمانی کوردی، ڕاستییەکی نوێی سەپاندووە، کە سڕینەوەی ئەستەمە.

بۆیە، هەر دەستوورێکی نوێ بۆ ئایندەی سووریا، بەبێ ڕەچاوکردن و مسۆگەرکردنی مافی زمان و کولتووریی ئەو سەدان هەزار خوێندکارەی ئێستا بە کوردی دەخوێنن، ناتوانێت سەقامگیرییەکی هەمیشەیی بەخۆیەوە ببینێت. مسۆگەریی دەستووری، تەنیا مەرجی مانەوەی زمانەکە نییە، بەڵکوو مەرجی سەرەکیی پرۆسەی ئاشتییە لە سوریا دا.

باشوری کوردستان
نووچە تیڤی

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.