هاوسەرۆکایەتی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)، بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردییەوە ڕاگەیەنراوێکی فەرمی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، هێزە هەژموون خوازەکان دەیانەوێت بە سیاسەتی تواندنەوەی زمانی کوردی گەلی کورد بسڕنەوە.
لە ڕاگەیەنراوێکیدا، کەجەکە بەبۆنەی ڕۆژی زمانی کوردی، جەخت لەوە دەکاتەوە، کەزمانی کوردی یەکێکە لە کۆنترین زمانەکانی مێژووی مرۆڤایەتی و خاوەنداریکردن لێی، خاوەنداریکردنە لە ناسنامەی نەتەوەیی گەلی کورد.
هاوسەرۆکایەتی کەجەکە ڕایگەیاند، هێرشکردنە سەر زمانی کوردی بە واتای هێرشکردن بۆ سەر هەموو مرۆڤایەتییە و گوتیان: "قەدەغەکردنی گوتاری ئایینی بە زمانی کوردی لە باکووری کوردستان، هەوڵدان بۆ ڕێگریکردن لە خوێندن و بە فەرمی نەناساندنی ئەو زمانە لە ڕۆژئاوای کوردستان، نموونەی بەرچاوی ئەو هێرشانەن دەکرێنە سەر بوونی ئێمە".
هاوسەرۆکایەتی کەجەکە ڕاشیگەیاند: "چیتر گەلی کورد هەمان گەلی پێشوو نییە و بە تێکۆشانێکی چەندین ساڵە، خاوەنداریی لە بوون و زمانی خۆی دەکات، بۆیە ئەرکی لەپێشینەی هەر دامەزراوەیەکی کوردی، فێرکردن و پەروەردەکردنە بە زمانی کوردی لە سەرجەم کایەکاندا".
کەجەکە، جەختی لەوەش کردەوە، پەرەپێدانی چالاکییە کلتوری، هونەری و ئەدەبییەکان بە زمانی دایک، لەم قۆناغەدا گرنگترین ڕێگەچارەی ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی نکوڵیکردن و لەناوبردنە.