ئامادەکردنی/ کوردستان لەزگیێڤا
ڕوفەیدە ئەلئیسلامییە وەک یەکەم پەرستاری ژنی موسڵمان لە مێژووی ئیسلامدا دەناسرێت. ئەو لە سەدەی حەوتەمی زاینیدا لە مەدینە ژیاوە و وەک پسپۆڕێکی تەندروستی، شارەزای نەشتەرگەری و کەسایەتییەکی پێشەنگ لە کاری کۆمەڵایەتیدا دەرکەوتووە.
ڕوفەیدە ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە بواری پزیشکیدا گێڕا لە ڕێگەی:
- چارەسەرکردنی بریندارانی شەڕەکان.
- دامەزراندنی یەکەم یەکەی فریاکەوتنی خێرا.
- پێشکەشکردنی خولی ڕاهێنان و فێرکاریی پەرستاری بە ژنان.
ڕوفەیدە لە هۆزی (بەنو ئەسڵەم) بوو و لە دەوروبەری ساڵی ٦٢٠ی زاینی لە مەدینە لەدایکبوو. ئەو زانیارییە پزیشکییەکانی لە باوکییەوە وەرگرت، کە ناوی «سەعدی ئەسڵەمی» بوو و پزیشک بوو. لە تەمەنی گەنجییەوە، فێری کارە پراکتیکییەکانی وەک پاککردنەوەی برین، دروستکردنی دەرمانی سروشتی و یارمەتیدانی ژنان لە کاتی منداڵبووندا بوو. دوای کۆچکردنی پێغەمبەر محەمەد (د.خ) بۆ مەدینە، بوو بە موسڵمان و وەک یەکێک لە ژنانی "ئەنسار" خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی هەم وەک عیبادەتێک و هەم وەک بەرپرسیارێتییەکی کۆمەڵایەتی گرتە ئەستۆ.
لە دوای شەڕەکانی وەک (ئوحود، خەندەق و خەیبەر)، خێمەیەکی وەک نەخۆشخانەیەکی مەیدانی دانا و بریندارانی شەڕی تێدا چارەسەر دەکرد. بۆ نموونە، ئەو چاودێری پزیشکیی «سەعدی کوڕی مەعاز»ی کرد کاتێک لە شەڕی خەندەقدا بە سەختی بریندار بوو.
لە کاتی ئاشتیدا، کلینیکێکی بچووکی لە نزیک مزگەوتی پێغەمبەر (د.خ) دانا و تێیدا چارەسەری بێبەرانبەری پێشکەش بە هەژاران و کەم دەرامەتان دەکرد. پێغەمبەری خوداش (د.خ) وەک ڕێزێک بۆ ماندووبوونی، فەرمانی فەرموو کە لە دەستکەوتی شەڕەکان (غەنیمە) بەشی پیاوێکی شەڕکەری پێبدرێت.
ڕوفەیدە گروپێک لە ژنانی خۆبەخشی کۆکردەوە و تیمی پەرستاری پێکهێنا. لەوێدا بە شێوازێکی ڕێکخراو وانەی پێدەگوتن لەسەر:
- پاکوخاوێنی و تەندروستی.
- چارەسەرکردنی برین.
- ڕێگاکانی چارەسەری سروشتی.
- شێوازی مەمەڵەی میهرەبانانە لەگەڵ نەخۆشدا
کۆچ و کاریگەرییەکانی تا ئەمڕۆ
کارەکانی ڕوفەیدە بوونە سەرچاوەی ئیلهام بۆ دروستبوونی نەخۆشخانە ئیسلامییەکان (بیمارستان) لە سەدەكانی دواییدا. ئەمڕۆ لەسەر ئاستی جیهان، چەندین قوتابخانەی پەرستاری و خەڵات بە ناوی ئەوەوە کراون؛ لەوانەش "خەڵاتی پەرستاریی ڕوفەیدە ئەلئیسلامییە" کە لەلایەن کۆلێژی شاهانەی پزیشکانی نەشتەرگەری ئیرلەندا لە بەحرەین دەبەخشرێت. ڕوفەیدە تا ئێستاش وەک هێمایەکی مەزن بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی ژنان لە پزیشکیی ئیسلامی و گەشەپێدانی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان تەماشا دەکرێت.