تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزیدی و مەجلیسی ژنانی ئێزدی، بە هاوکاریی چەند ڕێکخراوێکی ژنانی ئێزدی لە سووریا، ڕووسیا و ئەرمەنستان، بەبۆنەی ١٢یەمین ساڵیادی فەرمانی کۆمەڵکوژیی شنگالەوە کەمپینێکی نێودەوڵەتییان دەستپێکرد.
ئەم کەمپینە نێودەوڵەتییە بە دروشمی "بۆ دادپەروەری و ئازادی – تۆش ببە بە دەنگی دیلەکانی فەرمانەکە" ڕاگەیەندراوە و بڕیارە چالاکییەکانی تاوەکو ٢٥ـی تشرینی دووەم (ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان) بەردەوام بن.
ڕێکخەرانی کەمپینەکە داوا دەکەن بەپەلە کار بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسی ڕفێندراوان بکرێت، چونکە سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ بەسەر کارەساتەکەدا، هێشتا چارەنووسی نزیکەی ٢ هەزار و ٧٠٠ هاوڵاتیی ئێزدیی ڕفێندراو بە نادیاری ماوەتەوە.
هاوکات لە کەمپینەکەدا جەخت لەسەر کردنەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و دادگاییکردنی بکوژان و لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو جینۆسایدە کراوەتەوە.
ڕێکخراوەکانی ژنانی ئێزدی بانگەوازێکیان ئاراستەی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا و ئەو دەوڵەتانە کردووە کە فەرمانەکەیان وەک جینۆساید ناساندووە، تاوەکو بەرپرسیارێتیی یاسایی بگرنە ئەستۆ و هەنگاوی کرداری بنێن بۆ سزادانی تاوانباران و پێشکەشکردنی پاڵپشتیی یاسایی بە قوربانییان.